تورکیا 325 کەسی لە لێکۆڵینەوەی باڵەخانە رووخاوەکانی بوومەلەرزەکاندا دەستگیرکردون

K24 – هەولێر

وەزیری دادی تورکیا ئاشکرای کرد، 325 کەس لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە باڵەخانە رووخاوەکانی بوومەلەرزەکاندا دەستگیرکراون.

بەکر بۆزداغ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەو باڵەخانانەی کە لە بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی مەرەشدا دەستگیرکراون گەیشتووەتە 325 کەس.

ئەو گوتانەی بوزداغ لەمیانی کۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە مەرەش. ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی یەک ساڵدا شاری نوێ لەو ناوچانە دروست دەکەن کە لە بوومەلەرزەکاندا وێرانبوون.

وەزیری دادی تورکیا گوتی: "یەکەی نیشتەجێبوونی پارێزراوتر و خۆڕاگر لە بەرامبەر بوومەلەرزە بۆ هاووڵاتییانمان دروست دەکەین و شوێنی ژیانی باشتریان بۆ فەراهەم دەکەین".

بەکر بۆزداغ ئاشکرای کرد کە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی ناوماڵ هاوکاری ماددی دەدەن بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان و گوتی: "بەپێی پلانەکان، تا کۆتایی مانگی حوزەیران سەرجەم بناغەکان لێدەدرێن، لە درەنگترین کاتدا تاکو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەم یەکەی نیشتەجێبوونانە دەدەین بە هاووڵاتییان".

وەزیری دادی تورکیا، ئەوەی ئاماژەی بەوەداوە، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بوومەلەرزە لەژێر هەیکەلییەتی داواکاری گشتیی کۆماری لە ناوچەکانی بوومەلەرزە دروستکراوە و رایگەیاند: "هیچ باڵەخانەیەک نییە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخابێت و بێ کۆکردنەوەی بەڵگە داروپەردووی هەڵگیرابێت. دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان، داروپەردووەکان لادراون و لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی چالاک بەڕێوەچووە. لەم چوارچێوەیەدا تاکو ئێستا رێکاری یاسایی لە دژی چەندین کەس بەڕێوەچووە، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە باڵەخانە رووخاوەکان بەڕێوەچووە رێکاری یاسایی لە دژی هەزار و 552 کەس ئەنجامدراوە. 325 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە، 566 گومانلێکراو بریاری کۆنتڕۆڵکردن لەلایەن دادگایان بۆ دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 355 گومانلێکراو دەرچووە و ئێستاش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 98 گومانلێکراو دەرچووە. لێکۆڵینەوە یاساییەکان بە تەواوی لایەنەکانییەوە بەردەوامە".

بەکر بۆزداغ ئەوەشی خستەڕوو، کە چوار کەس هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات و لەلایەن وەزارەتی دادەوە داواکاری گەڕانەوەیان کراوە و 74 گومانلێکراویش کە داواکراون، گیانیان لەدەستداوە.