بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە مەکسیک 39 کەس گیانیان لەدەستدا

شوێنی رووداوەکە | وێنە: AA
شوێنی رووداوەکە | وێنە: AA

K24 - هەولێر:

لە ئاکامی کەوتنەوەی ئاگرێک لە ناوەندێکی کۆچبەران لە مەکسیک لە نزیک سنووری ئەمەریکا، 39 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، سەرۆکی مەکسیک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگر لە پەیمانگای نیشتمانیی کۆچی مەکسیک کە دەکەوێتە شاری سنووریی جیوداد خوارێز لە نزیک سنووری ویلایەتی تێکساس کەوتووەتەوە.

ئۆبرادۆر باسی لەوە کرد، "ئەو پەنابەرانەی کە بۆ دیپۆرتکردنەوە دانرابوون" هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بوونە و گوتی: "بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دۆشەکیان لە بەردەم دەرگای پەناگەکەدا داناوە و ئاگریان تێبەرداوە و بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە ئەمە کارەساتێکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە. پێمانوایە لەبەر ئەوەی زانیویانە کە دیپۆرت دەکرێنەوە ئەم کارەیان ئەنجامداوە".

لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانیی کۆچەوە بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، لە ئەنجامی ئەو ئاگرەی کە شەوی رابردوو روویداوە 39 کەس گیانیان لەدەستداوە و 29 کەسیش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو، دۆخی بریندارەکان لە چوار نەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردان "هەستیار و سەختە".

مەکسیک لە ئەنجامی فشارەکانی ئەمریکا لە سەردەمی کۆرۆنادا سنووردارکردنەکانی لەسەر کۆچکردن زیادکردبوو و بەم هۆیەوە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە دامەزراوەکانی نزیک سنوور دەستبەسەرکرابوون رووی لە زیادبوون کردبوو.