"سانت لیگۆ هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه"
K24 - هەولێر
سه‌رۆكی ناوه‌ندی بیرمه‌ندانی سیاسی له عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا قه‌یرانی گه‌وره له‌ناو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا سه‌رهه‌ڵده‌دات.
ئیحسان شه‌ممه‌ری ئاشكرای كردووه، په‌سه‌ندكردنی یاسای سانت لیگۆ له‌لایه‌ن هێزه گه‌وره‌كانی په‌رله‌مان، به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو كه‌م ده‌كاته‌وه.
به بڕوای شه‌ممه‌ری، دوای پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنه‌كان، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەردەوام دەبێت له‌سه‌ر رێککەوتنە سیاسییەکان و هەروەها دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانی لەنێوانیاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا رەنگە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو قەیرانێک لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانی ئیداره‌ی دەوڵەتدا دروست بکات و ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو لێکتێگەیشتنە کاتییانەی له‌سه‌ری پێكهاتوون.
سیستمى سانت لیگۆ بۆ یەکەمجار ساڵى 2013 لە عێراق بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان جێبەجێکرا، پاشان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی لە 2014 بەهەمانشێوە ئەو سیستەمە پەیڕەو کرا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 10ی تشرینی یەکەمی 2021، هەژمارکردنی دەنگ بە سیستەمی سانت لیگۆ راگیرا.
سیستمى سانت لیگۆ بۆ یەکەمجار لە ساڵى 1951 لە هەڵبژاردنەکانى سوێد و نەرویج پەیڕەوکراوە.