کەشناسی: بەفر دەبارێت و پلەی گەرما دەگاتە سفر پلەى سیلیزى

فۆتۆ: یاسین شەهاب
فۆتۆ: یاسین شەهاب

K24 - هەولێر

 بەشی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت و پێشبینی دەکرێت چەند شوێنێک پلەی گەرما بگاتە سفر پلەى سیلیزى.

لە راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشناسی هاتووە: "پێشبینی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ سەر ناوچەکەمان لە درەنگانی شەوی پێنج شەممە هەیە، لە ئێستادا کاریگەری ئەم بارستە هەوایە ساردە گەیشتووەتە سەر بەشێک لە وڵاتی تورکیا کە سەرچاوەکەی جەمسەری باکوورە، بۆیە پێشبینی دەکەین سبەی لە درەنگانی شەودا ئەو بارستە هەوایە ساردە بگاتە سەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و پاشان لە رۆژی هەینی تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کاریگەر بێت، بەم بارستە هەوایە ساردە لەگەڵ گەیشتنی ئەم بارستە هەوایە ساردە پلەکانی گەرما بە چەند پلەیەک نزم دەکاتەوە".

کەشناسی راشیگەیاندووە "پێشبینى دابارین هەیە بە تایبەت لە کاتەکانى بەیانى زووى رۆژى هەینى کەمێک باران و بەفریش لەسەر لووتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت. لەگەڵ بەردەوامى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما لە رۆژى هەینى شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە 2000 مەتر زیاترە بەفر بارینى دەبێت. چڕترین ماوەى بەفر بارین دەکەوێتە شەوى هەینى و بەرەبەیانى رۆژى شەممە، ئاستى بەفرى پێشبینیکراو لە نێوان (5-15)سم دەبێت رۆژى شەممە نزمترین پلەکانى گەرما لە قەزاو ناحیەکانى ناوچە شاخاوییەکان نزیک دەبێتەوە لە سفر پلەى سیلیزى و لە سەنتەرى پارێزگاکان لە نێوان (2-4) پلەى سیلیزى دەبێت".