نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 78 دۆلار و 48 سەنت

نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 78 دۆلار و 48 سەنت

K24 - هەولێر:

دوێنی نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 79 دۆلار و 20 سەنت و رۆژەکەی بە 78 دۆلار و 14 سەنت تەواو کرد. کاتژمێر 10:14ـی ئەمڕۆ  نرخی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 0.44 زیادی کرد و بەرمیلێک خاوی برێنت بە 78 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 73 دۆلار و 72 سەنت فرۆشرا.

دابەزینی یەدەگەکانی نەوتی ئەمەریکا کە گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا لە پاڵ زیادبوونی خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت، هاوکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

ئەنستیتۆی نەوتی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەفتەی رابردوو، یەدەگەکانی نەوتی خاوی ئەمریکا، بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی شەش ملیۆن و 76 هەزار بەرمیل کەمی کردووە لە کاتێکدا بەگوێرەی پێشبینییەکانی بازاڕ، چاوەڕوان دەکرا 187 هەزار بەرمیل زیاد بکات.

دوێنێ ئالێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد کە نەوتی رووسیا هەناردەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەکرێت.

ئالێکساندەر نۆڤاک، ئەوەشی ئاشکرا کرا کە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ هیندستان 22 هێندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە و هەناردەی نەوتی رووسیاش بۆ چین بە رێژەی سەدا هەشت بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینیوە.

لە لایەکی دیکەشەوە وێڕای هێواشبوونەوەی قەیرانی بانکداری لە ئەمەریکا، تا ئێستا نیگەرانییەکان لە کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لەسەر ئابووری ئەمریکا بەردەوامن و ئەمەش گوشاری خستووەتە سەر نرخی نەوت.

ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان 78 دۆلار و 55 سەنت بۆ 78 دۆلار و 76 سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان 78 دۆلار و 34 سەنت بۆ 78 دۆلار و 13 سەنت بمێنێتەوە.