ناتانیاهۆ بۆ جۆو بایدن: ئیسرائیل بڕیارەکانی لەسەر بنەمای فشاری دەرەوە نییە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، هیوادارە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەموارکردنەوەی یاسای چاکسازی دادوەری پاشگەزبێتەوە، ناتانیاهۆش لە وەڵامی بایدن، گوتی: ئیسرائیل دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرە، بڕیارەکانی بەپێی ویستی گەلەکەی دەدات و لەسەر بنەمای فشاری دەرەوە نییە.

رۆژی سێشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، حکومەتی ئیسرائیل رووبەڕووی ناڕەزایی بەرفراوان بووەتەوە دژی رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای چاکسازی دادوەری، ناشتوانێت بەردەوامی ئەم ڕێبازە بێت.

بایدن دەشڵێت: هیوادارم بنیامین سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە هەوڵی گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی راستەقینە بدات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، کە بەنیاز نییە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بانگهێشتی کۆشکی سپی بکات.

لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی لێدوانەکانی بایدنی دایەوە و گوتی: ئیسرائیل وڵاتێکی خاوەن سەروەرە، بڕیارەکانی بەپێی ویستی گەلەکەی دەدات، نەک لەسەر بنەمای فشارەکانی دەرەوە، بە باشترین دۆستەکانیشەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی هەوڵدەدات چاکسازییەکان لە رێگەی کۆدەنگییەکی فراوانەوە ئەنجام بدات.

لە سێ مانگی رابردوودا، جۆو بایدن و ئەندامانی باڵای ئیدارەکەی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوون لە کەرتی رۆژئاوا و هەروەها سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان دەربڕیوە.

لە ئیسرائیل ماوەی چەند هەفتەیەکە نارەزایی و خۆپێشاندان دژی یاسای چاکسازی دادوەری بەرێوەدەچێت.