ئاژانسی نێودەوڵەتی وزه‌ی ئه‌تۆم داوا دەکات چالاکی سەربازی لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا نەمێنێت

وێسته‌گه‌ی زاپۆریژیا له‌كاتی بۆردومانكردن له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌ / ئه‌رشیڤ
وێسته‌گه‌ی زاپۆریژیا له‌كاتی بۆردومانكردن له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌ / ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر:

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزه‌ی ئه‌تۆم داوا دەکات چالاکی سەربازی لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا نەمێنێت.

رافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هۆشداریدا لە بارەی زیادبوونی چالاکی سەربازی لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا و رایگەیاند، ئاشکرایە کە چالاکی سەربازی لە ناوچەکە زیادیکردووە، جەختیشیکردەوە کە پێویستە هەموو لایەک لەسەر چەند بنەمایەک و پابەندیەک و هێرش نەکردنە سەر وێستگەکە پێکبێن.

وێستەگی ئەتۆمی زاپۆریژیا دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و بە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی لە ئەوروپا هەژمار دەکرێت.

زاپۆریژیا گەورەترین وێستگە ئەتۆمیی ئۆکرانیا و ئەوروپایە، وزە بە 4 ملیۆن ماڵ لە ئۆکرانیا دەدات.

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1984 تا 1995 لە شاری ئنیرهۆدار لە کەرتی زاپۆریژیا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئه‌و كاته‌ بڕیاری دروستكردنی درا، كه‌ هێشتا یەکێتی سۆڤیەت لە ئۆکرانیا بوونی مابوو، 200 کیلۆمه‌رتر لە هەرێمی دۆنباس و 550 کیلۆمەتر لە کیێڤی پایتەختەوە دوورە، گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئۆکرانیا و ئەوروپایه‌، نۆهەمینی هەموو جیهانه‌.

وێستگه‌كه‌ بریتییە لە 6 کوورەی ناووکی و توانای بەرهەمهێنانی 42 ملیار کیلۆوات کارەبای لە یەك کاتژمێردا هەیە، لەکاتی ئاسایدا یەك لەسەر پێنجی  کارەبای ئۆکرانیا دابیندەکات، كه‌ دەکاتە نیوەی ئەو وزەیەی بەرهەمهێنراوی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا و لەلایەن دامەزراوەی نیشتمانی ئۆکرانیا (NNEGC) چاودێری دەکرێت و بەڕێوەده‌برێت.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.