بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک: حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵە رێککەوتننامەی شنگال لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان ئیمزا کراوە، بەڵام تا ئێستا بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنکامەیە جێبەجێ نەکراوە و نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکانیش بۆ زێدی خۆیان دەخرێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.

لەمبارەیەوە پیر دەیان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک تایبەت بە کوردستان24ـى رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە دواکەوتنی رێککەوتننامەی شنگال، کابینەی محەممەد شیاع سودانی هەوڵێکی جددی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە و چارەسەرکردنی پرسەکە ده‌دات، بەڵام هەندێک لایەنی دەستڕۆیشتوو لەناو حکومەتی عێراق هەیە رێگرن.

پیر دەیان ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری گەڕانەوی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان دەکات، بۆ ئەم مەبەستە هەر ئاوارەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بکات و ناوی خۆی بۆ گەڕانەوە بنووسێ رەزامەندی پێ دەدرێت و نووسراوی بۆ دەکرێت و  ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ کاری پێویست.

بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، ژمارەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی دهۆک ٣٣١٢٣٧ کەسە و نزیکەی ٦١ خێزانن، کە بەسەر ١٥ کامپ دابەشبوونە و هەندێکیشیان لە دەرەوەی کامپەکان دەژین.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک گوتیشی: "ئاوارەکان خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام تا ئێستا ژیان لە شنگال و شوێنەکانی تر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست قورسە".