دەوامی فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مانگی رەمەزاندا کەمدەکرێتەوە

ئەم بڕیارە بۆ دوای مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبێت
kurdistan24.net

K24  - هەولێر:

هەردوو وەزارەتی پەروەردە و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەوامی فەرمی فەرمانبەر و مامۆستایانی خاون پێداوستی تایبەت بۆ کاتژمێرێک کەمدەکەنەوە، ئەم بڕیارە بۆ دوای مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبێت.

ئەمرۆ (دووشەممە 29ــی ئادار / مارســی 2023) کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئێمە وەک وەزارەتی  کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ساڵی 2019ــەوە دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی سنووری وەزارەتەکەمان بۆ کاتژمێرێک کەمکردووەتەوە، هەروەها هەر ئەو کات نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، کە بۆ سەرجەم وەزارەتەکان گشتاندنی پێبکرێت، بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی کاتی دەوامی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها بە تایبەت سەردانی وەزیری پەروەردەمان کرد، داوامانلێکرد و خۆشبەختانە بەڕێزیان داواکەی ئێمەی قبوڵکرد و  نوسراووی فەرمیان بەرزکردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەسەندکرا.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "پاش ئەوەی پێشنیازەکەمان پەسەندکرا، لە ئێستادا تەنیا وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتمان دەوامی فەرمی مامۆستا و فەرمانبەرانی خاوەن پێداوستی تایبەتیان بۆ کاتژمێرێک کەم کردووەتەوە".