خولی نایابی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار میوانێكی نوێی ده‌بێت

له دوایین گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی هه‌ولێر دوای یه‌ك وه‌رز دابڕان گه‌ڕایه‌وه خولی نایاب، یانه‌ی رانیه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوویدا هاته ڕیزی یانه نایابه‌كان.
یانه‌ی هه‌ولێر له دوایین گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام له یانه‌ی زانكۆی جیهانی برده‌وه و بووه پاڵه‌وانی خولی پله‌یه‌كی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ خولی نایاب مسۆگه‌ر كرد. له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زانكۆی جیهان بۆ خولی پله‌دووی كوردستان دابه‌زی.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، یانه‌ی رانیه‌ی له به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی و له نێو یاریگه‌ی ئازاده‌ڕش میوانداریی یانه‌ی سێمێلی كرد، یارییه‌كه به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، رانیه دوای 23 ساڵ له چاوه‌ڕوانی بۆ خولی نایابی كوردستان سه‌ركه‌وت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، یانه‌ی سلێمانی گۆڵبارانی یانه‌ی بازیانی كرد و یارییه‌كه‌ی به 5 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك برده‌وه، به‌مه‌ش سوورپۆشه‌كانی سلێمانی نه‌یانتوانی راسته‌وخۆ بۆ خولی نایاب سه‌ربكه‌ون، به‌ڵكو بلیتێكی قۆناخی پاشكۆیان بڕی.
یانه‌ی سلێمانی له یاریی پاشكۆ رووبه‌ڕووی یانه‌ی ریزبه‌ندی چوارده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان ده‌بێته‌وه.

