رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بەڵگەوە دەیان گەندەڵی لە عێراق ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر:
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی) چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە ساڵی 2022 تۆمار دەکات و بە بەڵگە نیشانیان دەدات.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دواین راپۆرتی خۆیدا کە رۆژی سێشەممە (28 ئادار/ مارسی 2023) بڵاویکردووەتەوە، چەندین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەبارەی کەیسەکانی دادگا، ئاوارەکان، ئازادی رادەربڕین و مافی گردبوونەوە، دۆخی زیندانەکان، پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و ژینگەی بە بەڵگەوە خستووەتەروو.
رێکخراوەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە هەوڵ و میکانیزمەکانی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستێکی نزم دایە و ناتوانن رێگری لە پێشێلکارییەکان بکەن، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی عێراق گرووپە چەکدارەکان چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی ئەنجام دەدەن و دەزگا ئەمنییەکانیش لە بەرامبەریان دەستەوسانن.
ئەمنیستی دەڵێ: دادگاکانی عێراق ستەمکارانە بڕیار دەدەن، کە ئەمەش مایەی نیگەرانییەکی زۆرە.
هەروەها تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی ئاوارەکان کە تا ئێستا دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بۆ نەڕەخساوە و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر چەندین ناوچە و شوێنی ئاوارەکاندا گرتووە و ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەیان دروست دەکەن.
راپۆرتەکەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە بەشێکی دیکەیدا روونیکردووەتەوە، ژینگەی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گەندەڵیی و نەبوونی خزمەتگوزاری پاراستنی ژینگەوە، کەوتووەتە لێواری هەڵدێر.