پارێزگاری هەولێر: لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگای هەولێر پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەگەیەنینە سنووری مەخموور

دیمەنێکی مەخموور - ئەرشیف
دیمەنێکی مەخموور - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایدەگەیانێت، قەرەچووغ، قەراج و کەندێناوە لای ئێمە گرنگن و ئەوپەڕی ئاسانکاری  بۆ  خزمەتکردنی خەڵکی ئه‌و ناوچه‌یه دەکەین.

لە چوارچێوەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێردا ئاماژە بەوە کراوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە یاوەری تیمێکی پارێزگا، سەردانی شارۆچکەی مەخمووریان کرد، لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی حزبی، حکومی و خەڵکی ناچەکە کۆبوونەوە، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی دەڤەری قەرەچووغ و مێژووی ئەو سنوورە کرا و  پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، دەستی خزمەتگوزاری دەگەیەنینە ئەو دەڤەرە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە و سەرجەم دانیشتوانی سنووری پارێزگاکەمان، کە ئامانجی ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردن و گەیاندنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە کەمترین دەستی خزمەتکردنیان پێگەیشتووە".