تورکیا رەتی دەکاتەوە 1.4 ملیار دۆلار لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی پاریس سزادرابێت

ئاڵای عێراق و تورکیا
ئاڵای عێراق و تورکیا

K24 - هەولێر:

كاردانه‌وه‌كان له‌ باره‌ی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی له‌ پاریس به‌رده‌وامن، و وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، سزاکان تاک لایەنە نیین، پێنج داواكاری کە لەلایەن عێراقەوە ئاراستەکرابوون، چواریان رەتکراوانه‌ته‌وه و هه‌وڵیشده‌ده‌ین له‌ پرسه‌كه‌دا، رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕین‌.

فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی سەپاندنی 1.4 ملیار دۆلار سزای دارایی لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە پرسی گواستنەوەی نەوتی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێكی له‌و جۆرە نییە و مافناسانی تورکیا کار لەسەر بڕیار و سزاکان دەکەن و دواتر هەڵسەنگاندنیشی بۆ دەکەن.

وەزیری وزەی تورکیا هەروەها راشیگەیاند، راپۆرتێکی گشتگیر لەوبارەیەوە ئامادەکراوە و لەو چوارچێوەیەشدا چەند سزایەک سەپێندراوە، سزاکان تاک لایەنە نین، پێنج دەنگۆ کە لەلایەن عێراقەوە ئاراستەکرابوون 4ـیان رەتکرایەوە و تەنیا یەکێکیان قبوڵکرا، ئێمەش داواکاریمان هەبوو، 6 داواکاریمان پێشکەشکرد و لەوانە 5ـیان قبوڵکران و یەکێکیان رەتکرایەوە.

دەشڵێت: "مافناسەکانی ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە و سزاکان دەکەن،  رێککەوتنێک لە نێوان ئێمە و عێراق هەیە و ئێستا لە بواری جێبەجێکردن دایە، لەسەر بڕیارەکەی دادگا و رێککەوتننامەکەی نێوانمان هەوڵ دەدەین رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕین".

لەلایەکی دیکەوە ناوەندەکانی دارایی و وزە، هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری راگرتنی نەوتی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژ، نرخی بەرمیلێك نەوت لە 100 دۆلار نزیك دەبێتەوە.

ئەمەریکا دەیەوێت هەرچی زووە دەست بە هەناردەكردنی نەوتەکە بکرێتەوە، و هەرێمی کوردستانیش بە هاوبەشێکی گرنگی خۆی دەزانێت. واشنتن هەمیشە هانی هەولێر و بەغدا دەدات کێشەکانی پەیوەست بە وزە و بودجە لەنێوان خۆیاندا چارەسەربکەن.

ئێستا بازاڕەکانی جیهان، لە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان بێبەشن،  ئەوەش نرخی نەوتی بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوە هانداوە.

بانکی بارکلەیس لەمبارەیەوە دەڵێت؛ ئەگەر تا کۆتایی ساڵ  نەوتی کوردستان نەگاتەوە بازاڕەكان، پێشبینی دەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 92 دۆلار.

راگرتنی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس. هاری ئیستێپانیان كە بۆ ئەو دادگایە کاری کردووە، دەڵێت؛ بڕیارەکە کۆتاییە، بەڵام بازاڕ پێویستی بە وزەی هەرێمی کوردستان هەیە.

هاری ئیستێپانیان، شارەزای بواری وزە لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە درێژمەودادا، راوەستانی هەناردەی نەوتی کوردستان نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە، بینیمان بەم نزیکانە دوای بڕیارەکەی دادگە، نرخی نەوتی برێنت سێ دۆلار بەرزبووەوە، بەگشتی ئەوەی لە دادگەکە روودەدات ئەوەیە، سەرەتا لایەنەکان داوای نێوەندگیری لەدادگەکە دەکەن، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن دواتر داوای نێوبژیوانی دەکەن، لە کەیسی ناکۆکی نێوان عێراق و تورکیاش لەبارەی بەکارهێنانی بۆریی نەوت، بڕیارەکە کۆتاییە و تانەی لێنادرێت".

پێناچێت ئەمەریكا، راستەوخۆ دەستوەردان لە کێشەکەدا بکات، چونكە بە گوتەی خۆیان راستە واشنتن لەسەر بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی ھیچ قسەیەكی نییە، بەڵام بەلای ئەوانەوە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان گرنگە.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئێمە داوامان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە، لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە، دەست بە هەناردەی نەوتەكە بکەنەوە، پچڕانی هەناردەی نەوت قازانج بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت، ئێمە ئاگادارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتۆگۆدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر لەبارەی بودجە و نەوت و گاز، عێراق  لە نێویدا هەرێمی کوردستانیش، هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگی ئەمەریکان، ئێمە پابەندبوونی درێژخایەنمان بۆ ئەو هەرێمە هەیە.

کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاگاداری ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، چەندیجار کۆنگرێسمان و سیناتۆرەکان داوایان لە ئیدارەی ئەمەریکا کردووە، لە چارەسەری کێشەکانی هەردوو حکومەتی ھەولێرو بەغدا، رۆڵی ھەبێت.