پارێزگای هەولێر: بەمنزیکانە دوای راکێشانی تیروپشک، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت

20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان و خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان دروست ده‌كرێن
20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان و خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان دروست ده‌كرێن

K24 - هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە سەرجەم شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئایندەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ شوقەی کرێنشینان دەکرێت.

لەمبارەیەوە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٩ـی ئادار/ مارسی ٢٠٢٣) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا روونیکردووەتەوە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر دوو شوێن بۆ شوقەی کرێنشینان دیاریکراون، ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلومنارەیە.

پارێزگای هەولێر راشیگەیاندووە، دواکەوتنی دەستپێکردنی پڕۆژەکە بۆ گۆڕینی رەگەزی زەوی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە و ھیچ گرفت و ھۆکارێکی دیکە لە ئارادا نییە، بەڵکو ئامادەکاری تەواو کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا وەبەرھێنەر دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات.

راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ ئەو فۆڕمانەی پێشتر کە لەلایەن کرێنشینانیش پڕکراوەنەتەوە، لە ئاییندەدا لە  دیوانی پارێزگای ھەولێر تیرورپشکیان بۆ دەکرێت، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تیرورپشکەکەش دەست بە ئەنجامدانی پرۆژەکە دەکرێت.