جوتیار عادل: ئیتر نابێت بۆ مووچە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای پاریس، بەوەی کە تورکیا پێشلی رێککەوتنی هەناردەی نەوتی لەگەڵ عێراق کردووە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێمە وەکو حکومەت روئیامان روونە و ئەو سیاسەتەی کە پێشتر بۆ پرسی نەوت پێڕەو کراون، لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە، دروستبوونە.

لە میانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای پاریس زیان بە هەموو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت، ئێستا و پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگات بە رێککەوتن، لە گفتوگۆکانی بەردەوامبووە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەماوەی چەند رۆژی رابردوو دوو جار سەردانی بەغدای کردووە، پێشڤەچوونێکی باش هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بەغدا لەبارەی یاسای بودجەی گشتی عێراق، کە یاسای نەوت و غازیش تییدا یەکلایی کراوەتەوە.

هەروەها گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لە بڕوایەدام کە لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و هەردوولا پەرۆشن بۆ ئەوەی دەرچەیەک بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە و بگەن بە رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە.

دەشڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیان بە پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەیەنێت، دەبیت هەردوولا موکوڕبن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.

دووپاتیشیکردەوە، لە ساڵی 2014 و سەردەمانی هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق لە گەرمەی شەڕ بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بەڵام توانیمان بەسەر ئەم قەیرانە زاڵ ببین، تەنانەت عێراق لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە رێگەی لەشکری خۆی و هێزی دیکەشەوە شەڕی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشمەرگە قارەمانەکان داستانی پردێیان تۆمارکرد و سەرکەوتین.

گوتیشی: "بۆچوونمان وایە گرفتی هەناردەی نەوت لە کاتێکی نزیک چارەسەر ببێت، وەک بەدیلی نەوتیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەی بە کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، ئەوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان داوە، ئیتر نابێت بۆ مووچە، تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین".