گوتەبێژی کۆشکی کرملین: جەنگی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بە ئۆکرانیا درێژە دەکێشێ

كۆشكی كرملین
كۆشكی كرملین

K24 - هەولێر:

کرملین پێشبینی دەکات جەنگی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بە ململانێکان لە ئۆکرانیا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامی هەیە، درێژە بکێشێ.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 29ـی ئادار/ مارسی 2023) دیمیتری بیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرملینی رووسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو جەنگەی لەنێوان رووسیا و وڵاتانی نەیارەوە هەڵگیرساوە، کاتی کۆتاییهاتنی نادیارە و درێژە دەکێشێ.

بیسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، رووسەکان چاویان لەسەر هەنگاوەکانی سەرۆکەکەیانە و هەمووان دەخوازن ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا بەدەستبهێنێت و پاڵپشتی دەکەن.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.