راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە

ئەمەریکا داوای هەناردەكردنه‌وه‌ی نەوتی هه‌رێمی کوردستان دەكات

K24 - واشنتن

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزکردووە، ناوەندەکانی دارایی و وزە، هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری راگرتنی نەوتی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژ، نرخی بەرمیلێك نەوت لە 100 دۆلار نزیك دەبێتەوە. ئەمەریکا دەیەوێت هەرچی زووە دەست بە هەناردەكردنی نەوتەکە بکرێتەوە، و هەرێمی کوردستانیش بە هاوبەشێکی گرنگی خۆی دەزانێت. واشنتن هەمیشە هانی هەولێر و بەغدا دەدات کێشەکانی پەیوەست بە وزە و بودجە لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن.

ئێستا بازاڕەکانی جیهان، لە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان بێبەشن،  ئەوەش نرخی نەوتی بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوە بردووە. بانکی بارکلەیس رایدەگەیەنێت، ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ  نەوتی کوردستان نەگاتەوە بازاڕەكان، پێشبینی دەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 92 دۆلار.

راگرتنی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس، هاری ئیستێپانیان كە بۆ ئەو دادگایە کاری کردووە، دەڵێت: بڕیارەکە کۆتاییە، بەڵام بازاڕ پێویستی بە وزەی هەرێمی کوردستان هەیە.

لەوبارەوە هاری ئیستێپانیان، پسپۆری بواری وزە بە کوردستان24ی گوت: "ئەگەر درێژە بکێشێت راگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان نرخی نەوت بەرزدەکاتە. بینیمان بەم نزیکانە دوای بڕیارەکەی دادگە، نرخی نەوتی برێنت سێ دۆلار بەرزبووەوە. بە گشتی ئەوەی لە دادگەکە روودەدات ئەوەیە. سەرەتا لایەنەکان داوای نێوەندگیری لە دادگەکە دەکەن، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن دواتر داوای نێوبژیوانی دەکەن، لە کەیسی ناکۆکی نێوان عێراق و تورکیاش لەبارەی بەکارهێنانی بۆریی نەوت. بڕیارەکە کۆتاییە و تانەی لێنادرێت".

پێناچێت ئەمریكا، راستەوخۆ دەستوەردان لە کێشەکەدا بکات، چونكە بە گوتەی خۆیان راستە واشینتن لەسەر بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی ھیچ قسەیەكی نییە، بەڵام بەلای ئەوانەوە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان گرنگە.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: "ئێمە داوامان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە، لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە، دەست بە هەناردەی نەوتەكە بکەنەوە. پچڕانی هەناردەی نەوت قازانج بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت. ئێمە ئاگادارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتۆگۆدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر لەبارەی بودجە و نەوت و گاز. عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگی ئەمەریکان، ئێمە پابەندبوونی درێژخایەنمان بۆ ئەو هەرێمە هەیە".

کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاگاداری ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، چەندیجار کۆنگرێسمان و سیناتۆرەکان داوایان لە ئیدارەی ئەمەریکا کردووە، لە چارەسەری کێشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رۆڵی ھەبێت.