کوردێک دەبێتە باڵیۆزی ئەمەریکا لە میسر

هێرۆ مستەفا باجەلان
هێرۆ مستەفا باجەلان

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، رۆژی چوارشەممە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە، هێرۆ مستەفا باجەلان، بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە میسر کاندید بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە،  کە باجەلان پلەی باڵیۆزی نائاسایی دەبێت، ئەو دیپلۆماتکارە پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بولگاریا هەبووە لە ساڵی 2019 تا 2023، هەروەها جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لیشبۆنەی پورتوگال هەبووە،  راوێژکاری سیاسی وەزیر بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان.

پێشتر هێرۆ مستەفا، لە نووسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، لە بابەتەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا کاری کردووە.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی کۆشکی سپی، ئەرکەکانی دیکەی لە واشنتن، بریتین لە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەفغانستان، راوێژکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئۆفیسی یاریدەدەری سکرتێری کاروباری سیاسی، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران، و کاروباری ئیسرائیل و فەلەستین، هەروەها لە ئوردن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە، هەروەها بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ عێراق و ئەفغانستان بووە.

هێرۆ باجەلان، لە دەرەوەی وڵات وەک سەرۆکی رێکخەری مەدەنی ئەمەریکا لە مووسڵ، هەروەها ئەفسەری کونسوڵخانە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و ئەفسەری سیاسی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان کاری کردووە.

هێرۆ مستەفا خەڵاتی "ماتیڵدا دبلیو سینکلێر"ی وەرگرتووە بۆ دەستکەوتی نایاب لە زمانە بیانییەکان، بەو پێیەی جگە لە زمانی ئینگلیزی بە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هیندی، بولگاری و پورتوگالی قسە دەکات.

هێرۆ مستەفا، لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بولگاریا لە ساڵی 2019 دا، گوتی: شانازی دەکەم کە وەک ئەمەریکییەکی بە رەچەلەک کورد، وەک باڵیۆز کاندید کراوم.

هێرۆ مستەفا باجەلان، لە دایکبووی ساڵی 1973 شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بەرەو ئەمەریکا، خوێندنی لە زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتن خوێندووە، هەروەها ماستەری لە زانستە سیاسیەکانی لە زانکۆی پرنستن لە نیو جێرسی تەواوکردووە.

کۆشکی سپی ئەوەشی نوسیووە، چیرۆکی کۆچکردنی خێزانەکەی کردووەتە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری، کە هێرۆ پاڵەوانی فیلمەکەیە.