د. دیندار زێباری: حکومەت لەسەر ئەرکی خۆی پارێزەر بۆ تۆمەتباران دابیندەکات

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

رۆژی سێشەممە 28ی ئاداری 2023، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان لە ساڵی 2022 بڵاو كردەوە.

راپۆرتەکە بە گشتی تیشکی خستووەتە سەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان و لەو نێوەندەشدا چەند تێبینییەکی ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ نموونە هەبوونی پارێزەر لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباران، کاری رۆژنامەگەری، رێوشوێنی خۆپیشاندان، رەوشی ئافرەتان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بۆردومانی سنوورەکان.

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە رایگەیاند: ''راگیراوان لە هۆکارەکانی دەستگیرکردن و تۆمەتەت ئاراستە کراوەکان ئاگاداردەکرێنەوە، هەروەها لە هۆکار و شوێنی راگرتنیان. سەرەڕای ئەم مافە بنەڕەتییانە، لایەنە فەرمییەکان لە میانەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا لەسەر ئەرکی خۆیان پارێزەردابین دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی کەیسەکەی ئەوەش لە قۆناغی لێکۆڵینەوە تا قۆناغی دادگاییکردن. بەپێی دوایین تێچوو، دابینکردنی پارێز بۆ تۆمەتباران لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە یەک ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینار. ''

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: ''ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، وەک قوربانی دەستی داعش، نەک وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

سەبارەت بە دەنگۆی مانگرتنی چەند سزادراوێک لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو کەسانە پڕۆسەی دادگایی کردنیان بە ئاشکرا بەڕێوەچووە و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشیان بوون، هەروەها لە کاتی مانگرتنیان هەر یەکە لە بەڕێزان وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامانی پەرلەمان سەردانیان کردوون. لەلایەکی ترەوە لەلایەن بنکەی تەندروستی چاکسازی گەورانی هەولێر بە وردی چاودێری رەوشی تەندروستییان کراوە، هەر لەو کاتەدا بەشی خواردنی و خەرجی ڕۆژانەی خۆیان وەرگرتووە.

لە بەدواداچوونی بابەتی توندوتیژی خێزانی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بۆ ئەم مەبەستە لە ٤ی نیسانی 2022، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی میدیایی لەسەر کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی، لەوانە توندوتیژی جێندەری (GBV).

 رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەوە ئاماژەی بە رێکارەکانی پلانی هەرێمی کرد و رایگەیاند: ''بەپێی ڕێکارەکانی پلانی هەرێمی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ئەو ئافرەتانەی کە لە شێڵتەرەکان دەژین و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، پێویستە هەلی کاریان بۆ دابینبکرێت، هەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کەسایەتییە ئاینییەکان بکرێت بۆ داکۆکیکردن لە نەهێشتنی هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانی.''

سەبارەت بە خۆپیشاندان و ئازادی رادەربڕین رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان ژمارە (١١) ی ساڵى (٢٠١٠) شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى ڕێک دەخات. بەپێى یاساکە، ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بپارێزن و رێگا نەدرێت بە پشێوی وگێرەشێوێنی.

لە ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر (١٠٥) خۆپیشاندانی بە مۆڵەت ئەنجامدراوە، (٣٢) داواکاری خۆپیشاندان ڕەتکراوەتەوە و (١٢٠) خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتیش ئەنجامدراوە، لەو خۆپیشاندانانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو ئەنجامدراون. هەروەها  لە میانەی ئەو خۆپیشاندانەی لە هەرێم ئەنجام دراون لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەوانە (٦١) پۆلیس و (٤) هاووڵاتی مەدەنی و (١٨) خۆپیشاندەر دەستگیرکراون کە چەکیان هەڵگرتووە، هەروەها ماڵ و موڵکی گشتی و تایبەتی زەرەزی زۆری پێکەوتووە، لەوانە (٢١) ئۆتۆمبیلی هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتیان. لەلایەکی دیکەوە نزيكەی (٦٠٠٠) لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان مەشقیان پێکراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و پاراستنیان.

سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەند داتایەکی خستەڕوو:

 بەپێی یاسای رۆژنامەوانی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (٨٠٠٠) رۆژنامەنووس لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون،  (١٤٤) کەناڵی تەلەفزیۆنی کە (٣٦) کەناڵی ئاسمانی و (١٠٨) کەناڵی ناوخۆیین، (١٥٥) ڕادیۆ، لە دەیان بڵاوکراوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەیان ماڵپەڕ ئازادانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێت مافی تۆمارکردنی سکاڵایان هەیە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەم ڕووەوە ساڵی ڕابردوو (٥) داواکاری ئەشکەنجەدان تۆمارکراوە، (٢) سکاڵا جووڵێنراوە، (٣١) کەس بە پێبژاردن سزادراون لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنوسان. دەیان دۆسیەی پەیوەست بە کاری ڕۆژنامەوانی یەکلایی کراونەتەوە و لە  (١) دۆسیە داواکاری گشتی سکاڵای لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆمار کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە بەردەوامی بۆردومانی سنووری دەکات، لەم ڕووەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند:''بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە و هێزی تر، تا ئیستا زیاتر ٦٢٦ جار سنوورەكانی هەرێم بۆردوومانكراون و ٢١٦ یان هێرشی ئاسمانیی بوون و ٤٠٣ تۆپباران و هەشت هێرشی زەمینی بووە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و ئێرانەوە، تەنانەت چەندین جار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند شوێنێکی سڤیل کراونەتە ئامانج کە قوربانی گیانی لێکەوتۆتەوە و ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانیش زیانی پێکەوتووە.''

ئاماژەشی بەوەدا کە بە سەدان گوند چۆڵکراون و گوندنیشنەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن، هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە روون و ئاشکرا بووە کە رێگا نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دەستدرێژی و هێرش کردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکار بهێنرێت و بە باشی دەزانێت کە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەکانی گشت کێشەکانی خۆیان بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان و وتی:'' بە هۆی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەی شنگال تا ئیستا مەترسییەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان ماوە بۆ نموونە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ تا مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٨٣ کردەوەی تیرۆریستی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان تۆمار کراوە کە بە کۆی گشتی ٣٩٩ شەهید و ٥٣٩ کەسی بریندار و ٤٠ ڕفاندنی لێکەوتووەتەوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتیان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".