برسیەتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک هەڕەشە لە ناوچەکانی عەرەبی دەکات

K24 - هەولێر

لە راپۆرتێکدا، کە لەلایەن رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، یونیسێف و ESCWA بڵاوکراوەتەوە، دووپاتیدەکەنەوە کە ئاستی برسێتی و بەدخۆراکی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار لە ناوچەکانی عەرەبی، بەتایبەت دوای هاتنی کۆڤید 19 و شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2021ـەوە لە ناوچەکانی عەرەبی،  53.9 ملیۆن کەس بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، ئەمەش لەوەتەی ساڵی 2010ـەوە، برسێتیەکە بەڕێژەی لە 55% زیادیکردووە، هەروەها راپۆڕتەکە هۆشداری داوە کە نەبوونی ئاسایشی خۆراک کاریگەری لەسەر 154.3 ملیۆن کەس هەیە، بەراورد بە ساڵی  2021، 11.6 ملیۆن کەس زیادیکردووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵی 2020 دا، نیوەی دانیشتوانی وڵاتە عەرەبیەکان کە دەکاتە 162.7 ملیۆن کەس، توانای کڕینی یەک ژەم خواردنی رۆژانەیان نەبووە، کە خەرجی یەک ژەم خواردنی رۆژانە بۆ یەک کەس 3.47 دۆلارە.

تاوەکو ئێستا لە ناوچەکانی عەرەبی چەندین جۆری بەدخۆراکی هەیە،  رێژەی بڵاوبوونەوەی کورتە باڵا لە ناوچەکەدا لە 20٪، کە لە هەر پێنج منداڵێکی خوار پێنج ساڵی یەکێک تووش دەبێت.

راپۆرتەکە داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات سوود لە بازرگانی نێوانیان وەربگرن و زیاتر پشت بە تواناکانی یەکتر ببەستن، چونکە بازرگانی هەرێمی یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کەمی خۆراک لە کاتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا.