ئەمەریکا یاسای رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی هەڵوەشاندنەوە

K24 - هەولێر

رۆژی چوارشەممە، دوای گفتوگۆ و ناکۆکی درێژخایەن، زۆرینەی سیناتۆرەکانی ئەمەریکا دەنگیان دا، لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ساڵی 2002، ئەمەش بە مانای کۆتاییهێنانە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دوای دوو دەیە لە رووخانی رژێمی سەدام حسێن.

لە ساڵی 2002، دوای ئەوەی جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پەنای بۆ کۆنگرێس برد، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی رژێمی سەدام حسێن، دوێنێ بە دەنگی زۆرینەی سیناتۆرەکانی ئەمەریکا بڕیار لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی درا،  دواتر ئەو یاسایە، دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، پێش ئەوەی بنێردرێت بۆ نووسینگەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا.

دیموکراتەکان ئاهەنگیان گێڕا بۆ پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەکە، جاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران، گوتی: ئەمەریکا و عێراق و هەموو جیهان لە ساڵی 2002 گۆڕانکارییەکی ریشەیییان بەسەردا هاتووە، کاتی ئەوە هاتووە یاساکان دەربکرێت بۆ ئەوەی هەموار بکرێتەوە.

بەڵام زۆربەی کۆمارییەکان لەگەڵ ئەو یاسایادا نەبوون، میچ مک کۆنێل، گوتی: من دژی ئەوەم کە کۆنگرێس هەر رێگەپێدانێک بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبوەشێنێتەوە.

 دەشڵێت: مۆڵەتی ساڵی 2002 راستەوخۆ باس لەو هەڕەشانە دەکات کە ئەمڕۆ لە عێراق و سووریا رووبەڕوومان دەبێتەوە لە لایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە کۆمارییەکان هەوڵیاندا زنجیرەیەک هەموارکردنەوە لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەرکەدا دەربکەن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، "هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێگەپێدانانە کاریگەری لەسەر دۆخی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستای ئەمەریکا نابێت، هەروەها پابەندبوونی ئیدارەی ئەمەریکا بە پەیوەندیی بەهێز و یەکگرتوو لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان بەهێزتر دەکات".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هاوبەشییەکە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، ئەمەش لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراقە  لەسەر بنەمای رۆڵی راوێژکاری و پاڵپشتی و چاودێری".

لە یاسای ئەمەریکادا بە هۆکاری پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا مافی هێرشی سەربازی بە سەرۆک کۆمار دەدات، بەڵام پابەندی دەکات کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا لە دوای دەستپێکردنی هەر هێرشێکەوە کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە، هەروەها رێگری دەکات لە مانەوەی هەر هێزێکی ئەمەریکی لە بەرەکانی شەڕدا بۆ ماوەی زیاتر لە 60 رۆژ بەبێ مۆڵەت.