رووسیا رۆژنامەنووسێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیردەکات

رۆژنامەنووس، ئیڤان گرۆچۆڤیچ
رۆژنامەنووس، ئیڤان گرۆچۆڤیچ

K24 - هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا، رۆژنامەنوسێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی رووسیاوە دەستیگرکرا.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویشیکردەوە، ئەو پەیامنێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە لە رووسیا دەستگیرکراوە ناوی ئیڤان گرۆچۆڤیچە و لە 28 ی ئەم مانگەوە دەستگیرکراوە.

لەبەرامبەردا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە ئەمەریکییە ئەوەیخستەڕوو، چالاکییە رۆژنامەوانییەکانی ئیڤان لەیاسا دەرچوون و چونەتە چوارچێوەی سیخوڕیکردن بۆ واشنتن.

ئاماژەیان بەوەشدا، ئیڤان گرۆچۆڤیچ زانیاری لەسەر "کۆمەڵگەیەکی سەربازی-پیشەسازی"ی رووسی بۆ واشنتن کۆکردووەتەوە.

ئیڤان گرۆچۆڤیچ، تەمەنی 31 ساڵە و لەدایک و باوکێكی رووسی لەدایکبووە کە هەردووکیان لە ئەمەریکا نیشتەجێن.

ئەو رۆژنامەنووسە پێش ئەوەی لە وۆڵ ستریس جۆرناڵ دەستبەکار بێت، پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس بووە لە مۆسکۆ و پێش ئەوەش لە رۆژنامەی مۆسکۆ تایمز کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکراوەی هەبووە، کاری کردووە.