لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەشبینن بە چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غاز لە نێوان هەولێر و بەغدا

کێڵگەیەکی نەوت
کێڵگەیەکی نەوت

K24  - بەغدا:

لایەنە سیاسییە شیعەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی دەکەنەوە، لەگەڵ هەولێر دەتوانن گرفتەکانی خۆیان پێکەوە چارەسەر بکەن سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە.

محەممەد زیادی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24ــی راگەیاند:"ئێمە لە چاوەڕوانی حکومەت داین تا ئەو پرسە رەوانەی پەرلەمان بکات، لەوێدا ئێمە و هەولێر خۆمان بڕیاری لەسەر دەدەین، چونکە هەردووکمان خاوەن ماڵین و کێشەکانمان پێکەوە چارەسەر دەکەین نەک هیچ دادگایەکی دیکە".

هەر سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـــی رایگەیاند، هیچ کێشەیەکمان نابێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر پرسی نەوت، چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەی 2023 دەکەین، دواتر دەست بە پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دەکەین.

لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا، دەتواندرێت رۆژانە نزیکەی 900 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 1%ــی کۆی خواستی رۆژانەی جیهان، بەڵام ئێستا تەنیا 500 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی باکوورەوە هەناردە دەکرێت.

بەگوێرەی شارەزایانی بواری نەوتیش، زەرەرمەندی یەکەم لە بڕیارەکەی دادگای پاریس حکومەتی عێراقە و پێیان وایە تاکە رێگەی چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیەش، پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازە.