مەسعود کاڕەش: نزیکەی 60 هەزار فۆڕم بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان پێشکەشکراوە

K24 – هەولێر:

جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەستیپێکردووە.

پارێزگای هەولێر رۆژی چوارشەممە (29ـی ئادار/ مارسی 2023) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا روونیکردەوە، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت، لە سنووری پارێزگای ھەولێریش دوو شوێن بۆ شوقەی کرێنشینان دیاری کراون ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلومنارەیە.

لەمباریەوە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی ئەو یەکانە درا، لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەستیپێکردووە و لە سنووری پارێزگای هەولێر جگە لە شارۆچکەی عەنکاوە زەوی لە هەر یەک لە گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلومنارە کە دەکەونە رۆژهەڵات و رۆژئاوای هەولێر بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە تەرخان کراوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی، هەنگاوەکان بە گۆڕینی رەگەزی زەوییەکان دەستیپێکردووە و لەو دوو شوێنەی ئاماژەمان پێکرد شەش هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت، بە شێوەیەک چوار هەزار یەکە لە باغلومنارە و دوو هەزار یەکە لە لە گەڕەسۆر دەبێت، هەروەها شارۆچکەی عەنکاوەش کە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینانی لێ دروست دەکرێت.

مەسعود کاڕەش سەبارەت بەو فۆڕمانەی بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پڕکراونەتەوە، وتی؛ پڕکردنەوەی فۆڕم بەشێوەی ئەلیکترۆنی بووە و نزیکەی 60 هەزار فۆڕم دەبێت و بە مەرج ناویان دەچێتە ناو تیروپشک، کە نابێت کەسەکە نە بە زەوی نە بە وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە سوودمەند بووبێ، ئەم پڕۆسەیەش لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنەوە دەبێت و ئەو 60 هەزار فۆڕمە بۆ شەش هەزار فۆڕم کەم دەکرێتەوە و پاشان تیروپشکیان بۆ دەکرێت.