جه‌مال كۆچه‌ر: په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ له‌ پشكی پارێزگاكانیان لە بودجە ناڕازین

K24 – هەولێر:

زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ حكومه‌تی عێراق پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023ـی ره‌وانه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ نه‌كراوه‌، و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش زانیاری نوێ له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌ یاساكه‌ بۆ كوردستان24 ئاشكرا ده‌كات.

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بو کوردستان24ـی راگه‌یاند: په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ له‌ پشكی پارێزگاكانیان ناڕازین، و داوا ده‌كه‌ن پڕۆژه‌ یاساكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، یانیش گۆڕانكاری تێدا بكرێت، چونكه‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ بۆ ساڵه‌كانی 2023، 2024 و 2025ـە.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ تا ئێستا وه‌ك لیژنه‌ی دارایی داوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌كردووه‌، چونكه‌ به‌شێكی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی كه‌ له‌ پێكهاته‌ی سوننه‌ن ناڕازین. پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق كه‌ له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌ و بڕه‌كه‌ی به‌ نزیكه‌ی 198 ترلیۆن دینار ده‌خه‌مڵێندرێت، و نرخی نه‌وتیش بۆ یەک بەرمیل به‌ 70 دۆلار هه‌ژمار كراوه‌.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە (17ـی ئادار/ مارسی 2023) رەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراقی بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025 بەشێوەیەکی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاند.