ئەمەریکا سوورە لەسەر بە ئامانجگرتنی هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، کاری جددی دەکەن بۆ رێگریکردن لە گرووپەکانی سەر بە ئێران لە سووریا، بۆ ئەوەی زیاتر پەرەنەسێنن و رێگری لە پێشڕەویەکانیان بکرێت لەو ناوچەیەدا.

ژەنەراڵ مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، بە ئاشکرا داکۆکی لە وەڵامدانەوەی بەهێزتری ئەمەریکا دەکەین دژ بە سوپای پاسدارانی ئێران، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هێرشیان کردە سەر بنکەکانمان لە سووریا.

ژەنەراڵ مارک میلی، لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی پیران گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا بە "شەڕانگێز" وەسفکردووە و رایگەیاندووە، پێویستە سوپای ئەمەریکا، سوپای قودس "بەتوندی" بکاتە ئامانج، بۆئەوەی هێرشەکانی داهاتووی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن "میلیشیاکانی سەر بە ئێران"ـەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق رابگرێت.

ئەو بەرپرسە سەربازییە باڵایەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ئێران رێکخراوەیەکی ئاڵۆز و گەورەیە، رەنگە رێبەرەکەیان (عەلی خامەنەیی) هەموو بڕیارێکی تاک لایەنە بدات و زیاتر گوتی، "ئێمە دەزانین سوپای پاسدارانی ئێران بەتایبەت سوپای قودس، رێکخراوێکی تیرۆریستی مەترسیدارە پێویستە بیانکەینە ئامانج، هەروەها بە تێپەربوونی کات پێویستە ئێمە گورزی کەمەرشکێنی زیاتریان لێبدەین، ئەمەش رێک ئەو کارە گرنگەیە کە پلانمان بۆی داناوە".

هەفتەی رابردوو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران، هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەهۆیەوە بەڵێندەرێک کوژرا و پێنج کەسی ئەمەریکیش برینداربوون کە چواریان سەرباز بوون. کە پێشبینی دەکرێت ئەم رووداوە جارێکی دیکە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی شەڕی نێوان ئەمەریکا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە.