نەخۆشخانەیەک لە هەولێر بە تۆمەتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەنهێنی دادەخرێت

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت دادەخرێت و جارێکی دیکە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری نەخۆشخانەکان، بە تۆمەتی هێنانە ژورەوەی نەخۆش بە نهێنی و چارەسەرکردنیان سزای ئەو نەخۆشخانەیە دەداتەوە.

بەهۆی سەرپێچییەوە دوو مانگ بەر لە ئێستا نەخۆشخانەی شیفا لە هەولێر بۆ یەکەمجار داخرا ،تەنیا رێگە بە کارمەندەکان درابوو کە بچنە ناو نەخۆشخانەکە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەموکوڕی و سەرپێچیەکانیان، بەڵام بەڕێوبەرایەتی چاودێری نەخۆشخانەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کە لە رێگای ئەو دەرگایەی کە کەوتووەتە دیوی پشتەوەی نەخۆشخانەکە، نەخۆشیان بە مەبەستی چارەسەر هێناوەتە ژورەوە و تەنانەت نەشتەرگەریشیان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە (30ـــی ئادار/مارسی2023)، د.فەواز خاوەنی نەخۆشخانەی شیفا بە کوردستان24ـــی راگەیاند، کە خۆی لە جێبەجێنەکردنی هەندێک رێنمایی نادزێتەوە کە جێبەجێ نەکرابێت، دەشڵێت: "لە کاتی مۆڵەت پێدانمان دەستمانکرد بە  چاککرنی سەرپێچییەکان و لەبری داخستن چاوەڕێی دەستخۆشی بووین، هەروەها داوای بەڵگە دەکەین کە نیشانی بدات نەشتەرگەریان بەنهێنی  ئەنجامدابێت".

خاوەنی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشدا، هیچ نەخۆشێک نەهێندراوەتە ژورەوە، باشترین بەڵگەش بوونی کامێرای چاودێرییە کە لەسەر هەر دوو دەرگای سەرەکی نەخۆشخانەکە داندراوە و دەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئایا نەخۆش چووەتە ژورەوە یاخود نا.

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوبەرایەتی چاودێری و پشکنینی نەخۆشخانەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، رایدەگەیەنن بەڵگە و هۆکاری داخستنی نەخۆشخانەکەیان هەیە، کە بوونی پسوولەیە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ناوی نەخۆش تیایدا تۆمارکراوە، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتبووی کە ئەوە هی نۆرینگەی پزیشکی خۆیەتی نەک نەخۆشخانە.

هونەر شێروانی، بەرپرسی دامەزراوە میللیەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشکنین، سەبارەت بە پرسی داخستنی نەخۆشخانەی شیفا گوتی:"لە 19ـــی کانوونی دووەم نەخۆشخانەکە داخرا و لە 2ـــی شوبات هاتن بە فەرمی داوای کردنەوەی نەخۆشخانەکەیان کرد، بەڵام بەو مەرجەی هیچ چارەسەرێکی نەخۆش و نەشتەرگەری تێدا ئەنجامنەدەن، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی نەخۆشخانەکەیان کرایەوە، بەپێی زانیارییەکان کە بەدەستمان گەیشتووە ئەوان چارەسەری نەخۆشیان کردووە، بەڵگەشمان لەبەردەستە کە نەخۆشەکان چارەسەر کراون".

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دوای پشکنین و بەدواداچوونی لیژنەکانی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی، سێ نەخۆشخانەی تایبەت لە هەولێر بەھۆی جێەجێنەكردنی رێنمایی و سەرپێچیكردن داخراون.