هاری ئیستێپانیان: وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهان دروستدەکات

K24 - هەولێر:

هاری ئیستێپانیان، راوێژکاری سەربەخۆی وزە و لێکۆڵەر لە پەیمانگەی وزەی عێراق لە واشنتن بە کوردستان24ـــی راگەیاند، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان و  72 هەزار بەرمیل لە کەرکووکەوە لە رێگەی بۆڕی جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت. بۆیە بێگومان کاریگەری لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دەبێت.

لەدرێژەی قسەکانیشەدا هاری ئیستێپانیان گوتی، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم بڕیاری راگرتنی نەوتە کاریگەری زۆری لەسەر تورکیا دەبێت. زۆربەی ئەو نەوتەی لە رێگەی بۆڕی جەیهانەوە هەناردە دەکرێت دەچێتە کۆگاکانی تورکیاوە.

گوتیشی، "نابێت لەبیری بکەین کە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە دوای رووسیا دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتن بۆ تورکیا، پێویستە هەرچی زووە کێشەکان چارەسەر بکەن".

هاری ئیستێپانیان ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها لێکۆڵەرەوەکەی وزە لە پەیمانگەی وزەی عێراق لە واشنتن بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیاری وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروستدەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.