وەزارەتی کارەبا: هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەچەند كێڵگەیەكی كوردستان كارەبا كەمیكرد

وێستەگەیەکی کارەبا
وێستەگەیەکی کارەبا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەردوو كێڵگەی گەرمیان و خۆرمەڵە، 330 مێگاوات كارەبا كەمیكرد.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، لەمبارەیەوە بە سۆشیالمیدیای وەزارەتەکەی راگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمیكرد.

هەروەها گوتی: "لەئێستادا لە وێستگەی  كارەبا لە گەرمیان كە بە غازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت، 80 مێگاوات کارەبا  كەمیكردووە و لە وێستگەی  خۆرمەڵەش لە هەولێر بەبڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمیكردووە، بەمەش 330 مێگاوات لەتۆڕی کارەبای نیشتمانی  كەمیكردووە".

ناوبراو دەشڵێت:  "وەزارەتی كارەبا لەهەوڵدایە بە پشتبەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر، قەرەبووی ئەو  كەمبوونەوەیە بكاتەوە".