پلانتهین چییە و جیاوازی لەگەڵ مۆزدا چییە؟
K24 - ئەنقەرە:
ھەندێکجار دوای خواردنی مۆزێک، لەوانەیە ھەستبکەیت کە ھەرسکردنت تووشی کێشە بووە و ئەزموونی خواردنی وەکو جاران نییە، رەنگە لەجیاتی مۆز پلانتهینت کڕیبێت. پلانتهین یان مۆزی سەوز میوەیەکی نوێیە لە بازاڕەکاندا کە زۆرجار خەڵک بە هەڵە لە جێگەی مۆز دەیکرێت و هەندێک لە فرۆشیارانیش جیاوازی ئەم دوو میوەیە نازانن و هەر بە ناوی مۆزەوە دەیفرۆشن.
پلانتهین کە پێی دەوترێت مۆزی کوڵاو یان سورکراوە، زۆر لە مۆز دەچێت. پلانتهین لە چێشتلێنان بەکاردێت و بڕێکی زۆر نیشاستەی تێدایە. بە پێچەوانەی مۆزەوە، پلانتهین پێویستی بە کوڵاندن هەیە پێش خواردنی، لە راستیدا تامی ئەم میوەیە بە خاوی زۆر خۆش نییە، بۆیە نابێت بە رواڵەتی کە زۆر لە مۆز دەچێت بخەڵەتێن.
پلانتهین لە 120 وڵات بەرهەم دێت، وڵاتانی وەک ئۆگاندا، کۆڵۆمبیا و کامیرۆن، باش ئاگاداری جیاوازی نێوان مۆز و پلانتهینن. پلانتهین، بە بەراورد لەگەڵ مۆز، نیشاستەی زیاتر و شەکری کەمتری تێدایە؛ جیاوازییەکی دیکەی لەگەڵ مۆز لە شێوازی بەکارهێنانیدایە کە پێویستە بە کوڵاوی بخورێت.
بەهای خۆراکی پلانتهین
پلانتهین سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدراتی ئاڵۆز، دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و ڤیتامینەکانی سی، ئەی و بی شەش و کانزاکانی مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆمی تێدایە. بەڵام پلانتهین سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتین و چەوری نییە، بۆیە تەنیا یەک بەش لە خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ دابیندەکات.
تایبەتمەندیەکانی پلانتهین چین؟
پلانتهین چەندین تایبەتمەندی چارەسەرکەری هەیە.
دابەزاندنی کێش و زیادکردنی میتابۆلیزم
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی خواردنی پلانتهین دابەزاندنی کێش و زیادبوونی میتابۆلیزمە، چونکە ریشاڵ و نیشاستەی ناو پلانتهین کاربۆهیدراتی ئاڵۆزن، هەرچەندە ریشاڵ و کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکان کەمتر پرۆسێس دەکرێن و هەرس دەکرێن لەچاو ئەو کاربۆهیدراتانەی کە لە خۆراکە پرۆسێسکراوەکاندا هەیە. هەستکردن بە تێربوون بۆ ماوەیەکی زیاتر لە دوای ژەمێک دەپارێزن، ئەمەش دەتوانێت بە مانای دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردن و خواردنی خۆراکی ناتەندروست بێت.
یارمەتی کۆئەندامی هەرس
باشترکردنی کارکردی کۆئەندامی هەرس یەکێکی ترە لە سوودەکانی بەکارهێنانی پلانتهین چۆنکە ئەو ڕیشاڵەی لەم میوەیەدا هەیە دەتوانێت کارەکانی باشتر بکات و هەروەها ڕێگری لە قەبزی بکات.
یارمەتی تەندروستی دڵ دەدات
کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ سوودێکی دیکەی بەکارھێنانی پلانتهینە چونکە ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم، کە دەتوانێت کاریگەر بێت لە پاراستنی شلەمەنی خانەی لەش کە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن کۆنتڕۆڵ دەکات.
ئاشکرایە کە ریشاڵی ناو پلانتهین یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ، ئەمەش زۆر کاریگەر دەبێت بۆ کارکردنی دروستی دڵ.
بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش
پلانتهین نزیکەی 32%ی خواردنی ڤیتامین سی پێشنیارکراوی رۆژانەی لە هەر ژەمێکدا لەخۆدەگرێت. ئەم ڤیتامینە وەک دژەئۆکسێنەر کاردەکات و رۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش. وەک دژە ئۆکسێنەرێک، ڤیتامین سی جەستە دەبپارێزێت لە زیانەکانی ڕادیکاڵە ئازادەکان کە پەیوەندییان بە پیربوون و نەخۆشییەکانی دڵ و تەنانەت هەندێک جۆری شێرپەنجەوە هەیە.
توێژینەوەکان پەیوەندییەکی پێچەوانەیان لەنێوان وەرگرتنی ڤیتامین سی و شێرپەنجە جۆراوجۆرەکانی وەک شێرپەنجەی سییەکان، مەمک، قۆڵۆن، گەدە و سورێنچک نیشانداوە. هەروەها دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجە بوون رێژەی ڤیتامین سی لە پلازمای خوێنیان کەمترە.
جۆرەکانی پلانتهین
بەگشتی پلانتهین دابەش دەکرێت بەسەر سێ جۆری جیاوازدا:
پلانتەینی سەوز: لەم قۆناغەدا ناوەوەی پلانتهینەکە تا ڕادەیەک ڕەق دەبێت و چەقۆیەک پێویستە بۆ لابردنی پێستەکەی. پیلانتیی سەوز وەک پەتاتە دەوڵەمەندە بە نیشاستە و زۆر شیرین نییە. ئەم جۆرە گونجاوە بۆ دروستکردنی چپسەکانی پلانتهین
پلانتەینی زەرد: لەم قۆناغەدا پلانتهینەکە کەمێک شیرینتر و پێگەیشتووتر دەبێت لە قۆناغی پێشوو. زۆر کەس ئەم جۆرە بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی پلانتهینی سورکراوە. چێشتلێنان و پیشاندنی لە ناو فڕندا ڕێگاکانی ترن بۆ بەکارهێنانی پلانتاینی زەرد.
پلانتەینی رەش: کاتێک پێستی رەش دەبێتەوە، هەر دەخورێت و نابێت وا بیربکەیتەوە کە رزیو یان تێکچووە. پلانتهین لەم قۆناغەدا دەگاتە شیرینترین و پێگەیشتووترین دۆخی خۆی. بەزۆری کەمێک دەیکوڵێنن و بۆ دروستکردنی شیرینی بەکاری دەهێنن.
مۆز و پلانتەین
هەردوو میوەی مۆز و پلانتەین لە یەک گرووپدا پۆلێن دەکرێن و لە رواڵەتدا زۆر لەیەک دەچن. جگە لەم دوو بابەتە، لە رووی ماددە خۆراکییە بەردەستەکانەوە زۆر لەیەک دەچن. هەردوو جۆری پلانتهین و مۆز دەوڵەمەندن بە هەندێک لە ماددە خۆراکییە گرنگەکان، وەک پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین سی و ڕیشاڵ و پێکهاتەی دژە ئۆکسێنەر.