ئاسایشی هەولێر روونکردەوە لەبارەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک دەدات

وێنەی تۆمەتبارەکە
وێنەی تۆمەتبارەکە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا کە چەند کەسێک هێرشدەکەنە سەر هاووڵاتییەک و ئازاری دەدەن، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو رووداوە کۆنە و تۆمەتبارەکەش دەستگیرکراوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەو رۆژانە گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە کە تیایدا چەند گەنج دەردەکەون و لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوانیان، دەستدرێژی دەکەنە سەر یەکێک بەناوی (د. س.) بە لێدان و پاشان سەری دەتاشن.

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم رووداوە کۆنە لە بەرواری (14-3-2023) بووە و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانیویانە لە هەمان رۆژدا تۆمەتبار (ك. س. ح.) دەستگیربکەن و ئێستا لەلایان بەندکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.

هەروەها بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کەوا کەس لە سەرووی یاساوە نییە و هەر کەسێک داواکراو بێت لە دادگا یاخود مافی هاووڵاتییان پێشێلبکات دەستگیر دەکرێت و روووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.