کوردستان24 زانیاری لەبارەی هۆکاری داخستنی دەرمانخانەی سەروەران دەخاتەڕوو

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند، لە دەرمانخانەی سەروەراندا، سەرەداوی دابەشکردن و فرۆشتنی دەرمانی قاچاغ و ساختەیان دۆزیوەتەوە، کە لە رێگەی کۆمپانیایەکی وەهمیەوە دەکرێت و کۆمپانیاکە هیچ بنەما و پەڕاوێکی فەرمی نییە.

دوای داخستنی دەرمانخانەیەک لە شاری هەولێر کە کاردانەوەی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگە لەسەر فرۆشتنی دەرمانی قاچاغ و تەزویر و دەرمانی دزراوی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە ستیکەری بۆ فرۆشتن نییەی پێوەیە، لە رێگەی ئەو دەرمانخەنەیەوە دەخاتەڕوو.

دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە (30ـی ئادار/مارسی 2023) بە بڕیاری دادگا لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی، دەرمانخانەی سەرەوەران لە شاری هەولێر داخرا، وەزارەتی تەندروستی بۆ رای گشتی چەند بەڵگەیەک ئاشکرا دەکات، کە دەستی بەسەرداگیراوە وەک دۆزینەوەی سەرەداوی دابەشکردن و فڕۆشتنی دەرمانی قاچاغ و تەزویر لە رێگەی کۆمپانیایەکی وەهمی کە هیچ بنەما و پەڕاوێکی فەرمی نییە، ئاشکراکرد.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرچاوەی هێنان و کۆکردنەوەی دەرمانی قاچاغ لە هەموو عێراق و پێدانی بە هاووڵاتییان لە رێگەی دەرمانخانەکانی سەروەرانەوە لە شاری هەولێر ئەنجامدراوە.

هەروەها باسی لەوەشکرد، دەرمانی حکومی کە لەسەری نووسراوە بۆ فرۆشتن نییە، بەشێوەی قاچاغ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە، هێندراوەتە هەولێر و لە رێگەی ئەو دەرمانخانانەوە ساغ کراوەتەوە.

بۆ بینینی ڤیدیۆی بەڵگەکان کلیک لێرە بکە.