وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی میسر دەکات

ئاڵای میسر و سووریا
ئاڵای میسر و سووریا

K24 – هەولێر:

سووریا پەیتا پەیتا لە پەراوێزکەوتن و گۆشەگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی دەربازی دەبێت و دوای دوازدە ساڵ، دەرگای وڵاتانی بە روودا دەکرێتەوە، دوای رێککەوتینی چەند رۆژی رابردووی لەگەڵ سعوودیە، ئەمجارە لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ میسر.

لە پێشهاتێکی نوێی دیپلۆماسیدا حکومەتی میسر ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ پێشوازیکردن لە وەزیری دەرەوەی سووریا لە قاهیرەی پایتەخت.

لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی میسر راگەیەنراوێکی بڵاوکردووتەوە و تێیدا هاتووە، سبەی (شەممە 1ـی نیسان/ ئەپریلی 2023) سامیح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر لە بارەگای وەزارەت لە قاهیرەی پایتەخت پێشوازی لە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا دەکات.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی میسر وردەکاری زیاتری لە بارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا ئاشکرا نەکردووە، بە هەمان شێوە وەزارەتی دەرەوەی سووریاش تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

پێشتر هەردوولا دوای 10 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە (ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2021) لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا چاویان بەیککەوت، هەروەها ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی سووریا دوای ئەوە دێت کە وەزیری دەرەوەی میسر لە (٢٧ـی شوبات/ فێبرایەری 2023) بەهۆی روودانی بوومەلەرزە لە سووریا و گەیاندنی هاوخەمی، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.

هەفتەی رابردوو، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سووریا و سعودییە رێککەوتوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە هەردوو وڵاتدا، بەجۆرێك لە دوای دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی و لە ساڵی 2012ـەوە باڵیۆزخانەکانیان داخرابوون.