مزگەوتی گەورەی برۆکسل بووەتە بەشێك لە میراتی بەلجیکا

K24 - بۆکسل

مزگەوتی گەورەی برۆکسل لە بەلجیکا زیاتر لە 50 ساڵە دروستکراوەو بە فەرمی ناوی لە میراتی نیشتمانی تۆمار کراوە، مزگەوتەکە تەنیا چەند سەد مەترێک لە یەکێک لە بارەگاکانی یەکێتی ئەوروپاوە دوورە، یەکەم مزگەوت و کۆنترین مزگەوتە لەم وڵاتەدا کە لەلایەن سعوودیەوە دروستکراوە.

موسڵمانان نوێژی بە کۆمەڵ و ئەرکە ئاینییەکان لە مزگەوتی گەورەی برۆکسل لەناو دڵی بەلجیکا و ئەوروپا ئەنجام دەدەن، ئەو مزگەوتە بە ناوەندی ئیسلامی و رۆشنبیری مسوڵمانانە لە بەلجیکا دادەنرێت.

مێژووی دروستکردنی مزگەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 50 ساڵ، ئەوکات شا فەیسەڵی سعوودیە پێشنیازێک پێشکەشی شا بە دوینی بەلجیکا دەکات و دەڵێ "ئەگەر رێگەمان پێبدرێت مزگەوتێک بۆ مسوڵمانان لە برۆکسل دروست دەکەین" دواتر دەسەڵاتدارانی بەلجیکا بە داواکارییەکە رازی دەبن، سعوودیە دەستیکرد بە بونیادنانی ئەو مزگەوتە، پاشان سەرجەم تێچوو و خەرجی و کەلوپەل و مەشقکردن بە وتاربێژەکان و بەرێوبردن و ئەركە ئایینیەکانی گرتە ئەستۆ تاوەکو ساڵی 2018 سعوودیە بە تەواوی لە چاودێریکردنی مزگەوتەکە کشایەوە و ئێستا مسوڵمانانی بەلجیکا هەموو کاروبارەکان خۆیان بەڕێوەی دەبەن.

نەخشەو دیزانی مزگەوتەکە لە دەرەوە و ناوەوە لەسەر شێوازی ئیسلامی دروستکراوە و لەلایەن تەلارسازی تونسی (مۆنگی ئەبوبەکر)ەوە نۆژەنکرایەوە. لە ساڵی 1968 حکومەتی بەلجیکا بە فەرمی ئەمومزگەوتەی وەکو نوێنەرایەتی ئیسلام و مسوڵمانان ناساندن و پاشان لە ساڵی 1975 رەزامەندی دەربڕی کە پەروەردەی ئیسلامی بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی بەشێک لە قوتابخانەکان بۆ منداڵانی کۆمەڵگەی مسوڵمانان. لە ساڵی 1976 مزگەوتی گەورەی برۆکسل بەپێی فەرمانێک بە فەرمی ناوی لەمیراتی نیشتمانی بەلجیکا تۆمارکراوە.