فەرەنسا پێشوازی لە بڕیاری پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە ئەندامێتیی فینلاند لە ناتۆ دەکات

ئاڵای فینلاند و فەرەنسا
ئاڵای فینلاند و فەرەنسا

K24 - هەولێر:

فەرەنسا رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوونی فینلاند لە ناتۆ، لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: "فەرەنسا پێشوازی لە بڕیاری پەسەندکردنی پرۆتۆکۆلی فینلاند بۆ ئەندابوون لە ناتۆ دەکات کە دوێنێی لە پەرلەمانی تورکیا خرایە دەنگدان. ئەم بڕیارە 30یەمین و کۆتا پەسەندکردنە لەلایەن هاوپەیمانانەوە. ئێستا فینلاند بە فەرمی دەتوانێت بچێتە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە فەڕەنسا چاوەڕوانی ئەوە لە تورکیا و هەنگاریا دەکات کە پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوونی سویدیش پەسەند بکەن بۆ ئەوەی ناتۆ بتوانێت ئەم دوو هاوپەیمانە نوێیە لە لووتکەی ڤیلنیوس کە لە مانگی تەمووزی 2023 لە لیتوانیا بەڕێوە دەچێت، قبوڵ بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوید و فینلاند توانای سەربازیی گرنگ و هاوبەشیان لەگەڵ ناتۆدا هەیە. ئەندامێتییان رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە سوودگەیاندن بە ئاسایشی ناوچەی ئەورووپا-ئەتڵەسی و بەهێزکردنی هاوپەیمانی ئەتڵەسی".