هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە

K24 – هەولێر

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە دانوستانێکی چڕدان و لە دوا قۆناغەکانی رێککەوتن لە سەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نزیک بوونەتەوە. دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرەنسا راگیرا، لە ناوخۆی هەرێم لە لایەن زۆربەی هێزە سیاسییەکان وا بڵاوکرایەوە کە ئیتر دۆسیەی نەوتی هەرێم کۆتایی پێهات و حکومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر نەوتی هەرێم و داهاتەکانییەوە نامێنێت و تەنانەت زۆرێکیان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ هاتنەکایەوەی ئەو دۆخە دەربڕی و هەوڵی دروستکردنی بێ هیواییان لە ناو خەڵک دەدا".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، لەپێناو چارەسەریی ئەو دۆخە سەرۆکی حکومەت هەر زوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و زۆر لایەنی نێودەوڵەتی کەوتە دانوستانەوە و ئامادە نەبوو واز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنێت. لە پەیامێکیشدا لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە هەوڵی بڵاکردنەوەی بێ هیوایی و کەمکردنەوەی پێگەی هەرێمیان دەدا، سەرۆکوەزیران گوتبووی: ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەن بە خاوەنی دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەولێر و بەغدا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان رایانگەیاندووە، وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە قازانجی هیچ لایەک نییە و کاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر داهاتی کۆی عێراق و بازاڕی جیهانیی نەوت هەیە".

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرەنسا 25/3/2023، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن سەردانیان بەغدایان کرد، تائێستاش گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.