دراوی کاغەز کێشەیەکی دیکەی یەمەنییەکانە

چاپی کۆنی ریالی یەمەنی کە تائێستا مامەڵەی پێوەدەکرێت
چاپی کۆنی ریالی یەمەنی کە تائێستا مامەڵەی پێوەدەکرێت

K24 – یەمەن:

بەهۆی ئەوە حوسییەکان چەند ساڵێکە رەتیدەکەنەوە، دراوی نوێی چاپکراوی یەمەنی کە لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە خراوەتە بازاڕ و مامەڵە فەرمییەکانەوە، هاووڵاتییانی یەمەنی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، جگەلە نەبوونی سەرچاوەی داهات، بەهۆی کۆنی دراوە کاغەزییەکانەوە دەناڵێنن.

وێنەی چەند دراوێکی کاغەزیی رایالی یەمەنی کە زۆر کۆنە و بەهۆی زۆر بەکارهێنانییەوە، دڕاوە و بە تیپ پارچەکانی بەیەکترییەوە بەستراوە، بڵاوبووەتەوە و بووەتە باسی میدیاکان. هەروەها نیشانەی سەختی دۆخی ژیانی ئەو هاووڵاتییانەی لەژێر دەسەڵاتی حوسیەیەکان دەژین، دەخاتەڕوو.

زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی ناوەندی یەمەن لەڕێگەی بانکی ناوەندی خۆیەوە لە پارێزگای عەدەن، چاپی نوێی دراوی ریالی یەمەنی خستە بازاڕەوە، بەڵام بانکی ناوەندی لە سەنعا کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانە، هەر زوو بەکارهێنانی چاپی نوێی ریالی یەمەنی رەتکردەوە و بەو هۆیەشەوە، ئێستا قەیرانێکی زۆر لە بازاڕ و مامەڵە بازرگانی و ئابوورییەکانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروستبووە.

بەگوێرە ئاژانسەکانی هەواڵ، هۆکارێکی دیکە بۆ کەمبوونەوەی چاپی کۆنی ریالی یەمەنی لە بازارەکانی ئەو وڵاتە. بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دێت بە دراوی چاپی نوێ بە نرخی کەمتر، کە بەهۆی سەختی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەوە، بەشێک لە هاووڵاتییان روویان لەو جۆرە بازرگانییە کردووە.

هەرچەندە بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ناوخۆ و لاوازبوونی ژێرخانی ئابووری راستەوخۆ لەسەر گوزەرانی هاووڵاتییانی یەمەنی دەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی هەلی کار و دواکەوتنی مووچە و گرانبوونی نرخی کاڵا و خواردەمەنییەکان، ئەوەندەی دیکە ژیانی یەمەنییەکانی سەختتر کردووە. کەچی بەو دۆخەشەوە، حوسییەکان هەموو شوێنە بازرگانییەکانیان ناچارکردووە، تابلۆیەک لە شوێنی کاردکردنیان بنووسن کە مامەڵە بە چاپی نوێی ریالی یەمەنییەوە ناکەن.

چاپی نوێی ریالی یەمەنی کە حوسییەکان مامەڵەپێکردنی رەتدەکەنەوە
چاپی نوێی ریالی یەمەنی کە حوسییەکان مامەڵەپێکردنی رەتدەکەنەوە
دراوێکی چاپی کۆنی ریالی یەمەنی کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت
دراوێکی چاپی کۆنی ریالی یەمەنی کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت