بەهۆی شەڕی داعشەوە سەدان کەس لە مووسڵ تائێستا بێ ماڵ و حاڵن

شاری موسڵ
شاری موسڵ

K24 – موسڵ:

بەهۆی شەری داعشەوە لە پارێزگای مووسڵ سەدان کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و خۆیان دەڵێن، "تائێستا کەس خۆی لەئێمە نەکردۆتە خاوەن".

سوندس فەخری، لێقەوماوێکی شەڕی داعش بەکوردستان24ـــی راگەیاند، حاڵ و ماڵی من تەنیا تەنەکەیەک و قۆرییەکی سووتاوە، هەروەها کوڕێکم هەیە کە ئەویش ئاو دەفرۆشێ، وەک دەبینن باری گوزەرانمان زۆر خراپە و ماڵ و جێگەمان نییە، بژێوی ژیانی منیش تەنیا لەسەر ئاوفرۆشی کوڕەکەم و خێری خێرخوازانە.

لەناو پاشماوەی روخاو و وێرانبوونی ماڵ و باڵەخانەکاندا، عەبد جاسم لێقەوماوێکە کەبێ ماڵ ماوەتەوە، بە کوردستان24ــی گوت، "لەشوێنە وێرانبوەکاندا دەژیم تائێستا نەلایەنی پەیوەندیدار نەحکومەت خۆیان لە من نەکردووەتە خاوەن، تائێستاش بێمووچەم".

دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ماوەی سێ ساڵ مووسڵی داگیرکرد، هەروەها سەرەڕای ئازادکردنی شاری مووسڵ، دەربەدەری و بێکاری لەو شارە زیادیکردووە. بەگوتەی جەمال عەبدوڵڵا، بەرپرسی ئۆفیسی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە مووسڵ، زۆرجار دەستپێشخەری بۆ حکومەت کراوە بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، هەروەها لە راگەیاندنەکانیش باسی ئەوەیان کردووە، کە دوای شەڕی داعش ئاو شارە وێران بووە و دووبارە پێویستی بەئاوەدانکردنەوە هەیە، چونکە وەک دەبینن خەڵکەکە برسی و بێلانەن.

بەگوێرەی راپۆڕتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە عێراقدا زیاتر لە 175 هەزار هاووڵاتی ئاوارە هەیە لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، کە ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای نەینەوایە.