باڵیۆزی ئێران لە عێراق: هیچکات بەنیازی هێرشكردنه‌ سەر هەریمی کوردستان نەبووینه‌

محەممەد کازم ئال سادق
محەممەد کازم ئال سادق

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچکات بە نیازی هێرش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نەبووە و ئەو هەواڵانەی لەمبارەیەوە بڵاودەبنەوە، دوورن لە راستی.

محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، لە میانەی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئەخبارییەی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە پلانی ئێران بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی ئێران هەندێک چالاکییان کردووە، بەڵام تاران هیچکات بە نیازی هێرش بۆسەر هەریمی کوردستان نەبووە".

باڵوێزی ئێران گوتیشی: "بەم دواییانە رێککەوتنێک لە نێوان دوو وڵاتدا واژۆ کراوە و ئێران بە هیچ شێوەیەک بە نیاز نییە هێرشبکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام لێدانی بنکەی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران کە لە هەرێم نیشتەجێن بە مافی خۆی دەزانێ".

هیواشی خواست، بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننەی لە نێوان دوو وڵاتدا واژۆ کرداوە ڕێگا لە چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران بگیرێ.