ئه‌مه‌ریكا.. به‌هۆی گه‌رده‌لووله‌وه 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

K24 – هەولێر:
ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، كه بەهۆی ئەو زریان و گه‌رده‌لوولانه‌ی کاریگەرییان لەسەر ویلایەتەکانی ناوەڕاستی رۆژئاوا و باشووری ئەمەریکا درووستكردووه، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
فه‌رمانگه‌ی کەشناسی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا بڵاویكرده‌وه، دوێنێ شەو له رووبه‌رێكی به‌رفراوانی وڵاته‌كه‌دا، له‌سه‌روویانه‌وه له هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی ئارکه‌نساس، میسیسیپی، ئایۆوا، تێنسی، ئیڵینۆی و ویسکۆنسن له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا 57 گه‌رده‌لوول تۆماركراوه.
له ئه‌نجامی گەردەلوولەكاندا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێنج کەسیان لە ویلایەتی ئارکه‌نساس و سێ لە ئیندیانا و له ئیڵینۆی و ئاڵاباماش یه‌كی یه‌ك كه‌س گیانیان لەدەستداوە.
فه‌رمانڕه‌وای ویلایه‌تی ئاركه‌نساس، سارا هاکابی ساندەرز به‌هۆی توندیی گه‌رده‌لوول و زریانەکانه‌وه، باری نائاسایی لە ناوچەکەدا راگەیاند.
لە ئەنجامی داڕمانی بنمیچی هۆڵێكی کۆنسێرت، بەهۆی گه‌رده‌لووله‌كه‌ی ویلایەتی ئیڵینۆی لە ئەمه‌ریکا، کە هۆڵه‌كه زیاتر لە 200 کەسی تێدا بوو، کەسێک گیانی لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.
لە راگەیەندراوێكدا كه له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ئاگرکوژێنەوەوه بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژە بەوەکراوە، 28 کەس بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە، كه پێنج کەسیان بە سەختی برینداربوون.
دەزگای کەشناسی نیشتمانیی ئه‌مه‌ریكا هۆشداریی روودانی گەردەلوولی له هه‌ریه‌ك له ویلایەته‌كانی تێنسی، کێنتاکی، ئاڵاباما، میسیسیپی، ئیڵینۆی، ئیندیانا و میشیگن بڵاوکردەوە.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی "PowerOutage.US" کە بەدواداچوون بۆ پچڕانی ته‌زووی کارەبا لە ئه‌مه‌ریكا دەکات، نزیکەی 300 هەزار ماڵ له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی گه‌رده‌لووله‌كانه‌وه، بێ کارەبا ماونەتەوە.