ئیسرائیل چەند خاڵێکی سەربازی لە سووریا مووشەکباران دەکات

K24 - هەولێر

ئیسرائیل چەند خاڵێکی سەربازی سووریا و گرووپەکانی سەر بە ئێران مووشەکباران دەکات.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بە مووشەک چەند ناوچەیەکی لە شاری حومس و دەوروبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج، بەڵام سیستەمی بەرگری سوپای سووریا بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە و توانیویەتی چەند مووشەکێک بخاتەخوارەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە "جگە لە برینداربوونی پێنج سەرباز، هێرشە مووشەکییەکان زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە".

هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، "هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل چەند بنکەیەی سەربازی رژێمی سووریا و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا ناوەندی توێژینەوەی خەربەتین و ناوچەکانی قەسیر و فڕۆکەخانەی سەربازی زەبعە بە ئامانجگیراون و ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن".

ئەمە نۆیەمین هێرشی مووشەکی سوپای ئیسرائیلە بۆ سەر سووریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.