داوا دەکرێت منداڵانی کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان
K24 - هەولێر
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کرد، بەپەلە ئەو منداڵانەی لە کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا راگیراون بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، هەروەها جەختیان لەسەر پاراستنی منداڵانی ناوچەکانی شەڕ و کێشە سیاسییەکان کرد.
شارەزایانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە: لە ئێستادا زۆرێک لە منداڵانی کەمپەکانی باکووری سووریا، ماوەی پێنج ساڵە دەستبەسەرکراون.
ئاماژە بەوە کراوە، "کەمپی هۆل و رۆژ کە دوو گەورەترین کەمپی داخراون بۆ ژنان و کچان و کوڕان، تا ئێستاش نزیکەی 56 هەزار کەسی تێدایە کە 37 هەزار کەسیان بیانین".
دەشڵێن: زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەمپەکە منداڵن لە 80% یان تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە و لە 30% تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوەیە.
راشیانگەیاند: هەموو منداڵانی ئەم ناوچانە شایەنی پاراستنن نەک سزادان. ئەم منداڵانە قوربانی تیرۆر و پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین.
لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، بەگوێرەی رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، تاکە چارەسەر گەڕانەوەی ئەو منداڵانەیە بەسەلامەتی بۆ وڵاتەکانیان.