سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە میسر

کۆبوونەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ حەنەفی جەبەلی، سەرۆکی پەرلەمانی میسر
کۆبوونەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ حەنەفی جەبەلی، سەرۆکی پەرلەمانی میسر

K24 - هەولێر:

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە میسر و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی نیسانی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرە لە میسر.

ساتی پێشوازیکردنی حەلبووسی لەلایەن هاوتا میسرییەکەیەوە
ساتی پێشوازیکردنی حەلبووسی لەلایەن هاوتا میسرییەکەیەوە

 

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، حەنەفی جەبەلی، سەرۆکی پەرلەمانی میسر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرە پێشوازی لە حەلبووسی کردووە.

میدیاکانی عێراق ئاماژەیان بەوەکردووە، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەیان لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 30ـی ئاداری 2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی ماوەی 15 رۆژ مۆڵەتی بەخۆیدا و سەرجەم دەسەڵاتەکانی رادەستی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.