شوێنەوارێکی ئێرانی لە بەریتانیا دەستی بەسەرداگیرا

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەستیان بەسەر کەلوپەلێکی قاچاغی ئێرانیدا گرتووە، کە بەهای 30 ملیۆن پاوەنی بەریتانییە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر.

مێژووی نەخشێنراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، کە خانەدانێکی ئیمپراتۆرییە و لە ساڵانی 226 بۆ 651ی زایینی حوکمڕانی ئێرانی کردووە.

ئەو شوێنەوارە نووسراوێک نیشان دەدات کە کەسایەتیەکی هەڵکەندراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی زایینی.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم شوێنەوارە  دەبرایە بازاڕی رەش لە بەریتانیا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە فڕۆکەخانەی ستانستێد دۆزرایەوە کە بەرزییەکەی زیاتر لە یەک مەتر دەبێت.

سانت جۆن سیمپسۆن، سەرۆکی مۆزەخانەی بەریتانی دەڵێت: پێشتر هیچ شوێنەوارێک کە لەبەرد هەڵکەندراوە، ناگەیشتووەتە ئێرە.

سیمپسۆن، روونیشی کردەوە، مێژووی نەخشاندنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە ئێران ناوەندی ئیمپراتۆریەتێکی بەهێز بووە کە لە سووریاوە تا قەوقاز و لەوێشەوە تا ئاسیای ناوەڕاست درێژ بووەتەوە،  پایتەختەکەی لە باشووری بەغداوە بووە، ساسانییەکانیش رکابەری بەهێزی ئیمپراتۆریەتی رۆما بوون.

سیمپسۆن گوتیشی: ئەو شوێنەوارە بەهایەکی زۆری هەیە لە بازاڕی رەشدا، هەروەها قاچاخچییەکان وا دەردەکەون لە تۆڵەسەندنەوە ناترسن ئەگەر لە ئێران بگیرێن، هەرچەندە دەکرێت بە سزای لەسێدارەدان سزا بدرێن.

مۆزەخانەی بەریتانیا مۆڵەتی لە حکومەتی ئێران وەرگرتووە بۆ نمایشکردنی ئەو پەیکەرە بۆ ماوەی سێ مانگ پێش ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی لە تاران.

.