دووەم راوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران لە سووریا کوژرا

سوپای پاسداران
سوپای پاسداران

K24 - هەولێر:

ئاژانسی میهری ئێرانی کوژرانی دووەم راوێژکاری سەربازی سوپای پاسدارانی لە سووریا راگەیاند.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسە ئێرانییەکە، میقداد مەهقانی، راوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران لە دوایین هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆسەر چەند خاڵێکی سەربازی سووریا، بریندار بووە و دواتریش بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بە مووشەک چەند ناوچەیەکی لە شاری حومس و دەوروبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج، بەڵام سیستەمی بەرگری سوپای سووریا بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە و توانیویەتی چەند مووشەکێک بخاتەخوارەوە.

ئەمە نۆیەمین هێرشی مووشەکی سوپای ئیسرائیلە بۆ سەر خاکی سووریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

میقداد مەهقانی، دووەم راوێژکاری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێرانە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا گیانی لەدەستداوە.

رۆژی 31ـی ئاداری 2023، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ نزیک شاری دیمه‌شق، پاسدار "میلاد حەیدەری" کە وەک راوێژکار لە سووریا كاری ده‌كرد، گیانی لەدەستدا.

میقداد مەهقانی، راوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران
میقداد مەهقانی، راوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران