بە ڤیدیۆ؛ باڵەخانەیەک لە بەغدا رووخا و بریندار هەن
K24 - هەولێر:
باڵەخانەیەک لە شاری بەغدا رووخا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆیەوە هەشت کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی نیسانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا باڵەخانەیەک کە لە قۆناغی دروستکردندا بووە، لەکاتی کۆنکریتکردنی، بانووەکەی رووخاوە. روونیشیکردووەتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شوێنی رووداوەکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەرگری شارستانی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمەکانیان توانیویانە هەشت کرێکار کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو، رزگاربکەن.
بەرگری شارستانی بەغدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر هەشت کرێکارەکە لە ژیاندا ماون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بـۆ رووداوەکە کراوەتەوە، بۆ ئەوەی هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکە ئاشکرابکرێت.