بورکینا فاسۆ دوو رۆژنامەنووسی فەرەنسی لە وڵاتەکەی دەردەکات

K24 - هەولێر:

حکومەتی وڵاتی بورکینا فاسۆ دوو پەیامنێری فەرەنسی لە وڵاتەکەی دەردەکات و دەڵێت، هەوڵیان داوە ناوبانگی سوپاکەیان لەکەدار بکەن. رۆژنامە فەرەنسییەکانیش دەڵێن، "ئازادی رۆژنامەوانی لە بورکینا فاسۆ لەژێر هەڕەشەدایە".

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی نیسانی 2023، دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکانی "لومۆند" و "لیبیراسیۆنی" فەرەنسی رایانگەیاند، ئێوارەی دوێنێ شەممە پەیامنێرانی هەردوو رۆژنامەکە لە بورکینا فاسۆ دەرکراون و ئەو رێکارەیان بە "قبووڵ نەکراو" ناوبرد.

رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "سوفی دووس، پەیامنێری رۆژنامەکەمان و ئەنییس فەیڤر، پەیامنێری رۆژنامەی لیبیراسیۆن لە بورکینا فاسۆ دەرکران".

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی لیبیراسیۆنی فەرەنسی رایگەیاند، دەرکردنی هەردوو پەیامنێرە فەرەنسییەکە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە ئازادی رۆژنامەوانی لە بورکینا فاسۆ لەژێر هەڕەشەدایە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو پەیامنێرەکە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕاونەتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.

رۆژنامەی لۆمۆند دووپاتیکردەوە، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکات، کە هەردوو پەیامنێرەکەی ناچارکردووە لەماوەی 24 کاتژمێردا بورکینا فاسۆ بەجێبهێڵن، "هەردوو پەیامنێرەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆ کارەکانیان دەکرد، بەبێ بوونی هیچ فشارێک".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سوفی دووس و ئەنییس فەیڤر دوو رۆژنامەنووسی تەواو دەستپاکن و بەشێوەیەکی یاسایی لە بورکینا فاسۆ کاریان دەکرد و "بەتووندترین شێوە سەرکۆنەی دەرکردنی پەیامنێرەکانمان دەکەین".

رۆژنامەی لیبیراسیۆن دەڵێت، ڤیدیۆیەکیان رۆژی 27ـی مارسی 2023 بڵاوکردبووەوە، تێیدا لێکۆڵینەوە و لەسێدارەدانی ژمارەیەک منداڵ و هەرزەکار لەنێو سەربازگەیەکی بورکینا فاسۆ لەلایەن سەربازێکەوە دەردەکەوت، ئەو چەندەش ئەنجوومەنی سەربازی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە تووڕە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە جان ئیمانوێل، گوتبێژی حکومەتی بورکینا فاسۆ لەوبارەوە رایگەیاند، حکومەتی وڵاتی بورکینا فاسۆ بە تووندی سەرکۆنەی بڵاوکردنەوەی ئەو لێکۆڵینەوە دەکات و سوپای وڵاتەکە لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کاردەکات و رێزیان لێدەگرێت.

بەگوتەی گوتبێژی حکومەتی بورکینا فاسۆ، بە بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، رۆژنامەکە ویستوویەتی ناوبانگی سوپاکەیان لەکەدار بکات.

رۆژی هەینی 31ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی سەربازی بورکینا فاسۆ سوفی دووس، پەیامنێری رۆژنەمەی لومۆدی فەرەنسی و ئەنییس فەیڤر، پەیامنێری رۆژنامەی لیبیراسیۆنی ئاگادار کردەوە، "دەبێت لەماوەی 24 کاتژمێردا بورکینا فاسۆ بەجێبهێڵن".