زانیاری نوێ دەربارەی شەڕە تەقەکەی شاری دایک

.
.

K24 - سلێمانی:

سامانی حاجی فایەق، خاوەنی پرۆژەی شاری دایک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاوڕێ مەلا ستار رۆژی چوارشەممەی رابردوو داوای لێکردووە لە کڕینی  شووقەکەیدا داشکاندنی بۆ بکات، هەرچەندە ئەو گوتوویەتی "بەڵێنت پێنادەم و وەڵامت دەدەمەوە، بەڵام هاوڕێ مەلا ستار بە نامە و لەرێگەی پاسەوانەکانیەوە هەڕەشەی لێکردووە".

ئەمڕۆ لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان پاسەوانەکانی هاوڕێ مەلا ستار و خاوەنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون.

سامانی حاجی فایەق، کە خاوەنی هۆتێل هایکریست و پرۆژەی شاری دایکە لە سلێمانی بە کوردستان24ـی گوت: هاوڕێ مەلا ستار تەنیا بە هەڕەشەکردنەوە نەوەستاوە و بە هێزێکەوە هێرشی کردووەتە سەر هۆتێل هایکریست و ویستوویەتی بیڕفێنێت.

خاوەنی پرۆژەی شاری دایک بە گوتەی خۆی، ئەمڕۆ پێش رووداوی شەڕە تەقەکە، پاسەوانی پرۆژەکەی لە بابەتەکە ئاگادارکردووەتەوە و دواتریش پێکدادان روویداوە و دوو پاسەوانی پەرلەمانتار، هاوڕێ مەلا ستار برینداربوون.

هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتار لە پشکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانە.

لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان لەسەر رووداوەکەی ئەمڕۆی شاری دایک لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر کار وابڕوات ناچارن دەست لە وەبەرهێنانەکانیان هەڵبگرن و پەنا ببەنە بەر شاری هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـــی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان، لە راگەیەنداروەکێدا بەتوندی پەلاماردانی پاسەوانەکانی پەرلەمانتارێكی كوردستان بەناوی (هاوڕێ مەلا ستار) بۆ سەر وەبەرهێنەرێكی شاری سلێمانی ئیدانە دەکات، هەرچەندە دواتر لە راگەیەندراوێکی دیکەدا، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان روونیکردەوە، کە ئەو راگەیەندراوە پەیوەندی بەوانەوە نییە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو كەیسە ماوەی دوو مانگە لای ئێمەیە و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەین، بەڵام بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارە جگە لەوەی هیچ مافێكی نەبوو، كەچی دەیویست لە رێگەی هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و زەبر و زەنگەوە، بڕی 50 هەزار دۆلار لەكۆی نرخی تەنیا یەك یەكەی نیشتەجێبوون نەدات كە ئەو بڕە بۆ وەبەرهێنەر بڕێكی كەم نییە".

هەروەها راگەیەندراوەکەی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەران ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرلەمانتار یەكێك لە ئەركەكانی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی یاسایە، كەواتە دەبێت خۆی زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە، پابەندی یاسا و رێنماییەكان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارە نەك هەر پابەندی یاسا نییە، بەڵكوو ئەو هێز و دەسەڵات و پەیوەندییەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی هەیەتی بۆ هێرشكردن و هەڵكوتانە سەر خەڵكی بەكاردێنێت.

راگەیەندراوەکەی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەران داوایەکی ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان کردووە و  دەڵێن: "تكایە لە دەست مافیا دەسەڵاتدارەكانی شاری سلێمانی رزگارمان بكەن، ئێمە لە دۆخێكداین، ئەگەر كار وابڕوات، ناچارین دەست لە وەبەرهێنانەكانمان هەڵبگرین و پەنا بۆ شاری هەولێر و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ببەین كە تێیدا دەتوانین بەشێوەیەكی سەلامەت، سەرمایەی خۆمان پەرە پێبدەین و وەبەرهێنان بكەین".

لەلایەکی دیکەوە، گرووپی کۆمپانیاکانی ساوس کوردستان، خاوەنداریەتی پڕۆژی نیشتەجێبوونی شاری دایك لە سلێمانی دەکات، هەروەها خاوەنداریەتی یەکێک لە هوتێلە پێنج ئەستێرەکانی شاری سلێمانی دەکات و سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی ساوس کوردستان، لەبارەی رووداوەکەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە، (2ـــی نیسان/ ئێپڕیڵ2023)، چەند ئۆتۆمبێلێک کە ژمارەیەکی زۆری چەکداری دەمامکداری تێدابوو، هێرشیانکردە سەر شاری دایک و بە هەڕەمەکی تەقە دەکەن، دواتر لە یەکێک لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی سەر بە گرووپی کۆمپانیای ساوس کوردستان بۆ بەربانگکردنەوە سەردانی رێستۆرانتێکی هۆتێلەکەیان کردبوو، ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی و سێ ئۆتۆمبێلی پڕچەکداری دەمامکدار و پۆشاکی نافەرمییەوە هەڵدەکوتنە سەر هۆتێلەکە بە مەبەستی بینینی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە.