نەهرۆ رواندزی: پۆستی جێگری کۆمپانیای سۆمۆ دەدرێت بە حکومەتی هەرێم

K24 – بەغدا

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا پۆستی جێگری کۆمپانیای سۆمۆ بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی نەوتی عێراقی رەزامەندی نیشانداوە کە جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ بدات بە حکومەتی هەرێم، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشی چوارکەسی پێکدەهێنرێت، دوو لە کۆمانیای سۆمۆ و دوو کەسیش هەرێم دیاری دەکات بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و شێوازی بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێم".

گوتیشی: "هەژمارێکی نوێی بانکی دەکرێتەوە بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و بەچاودێری حکومەتی عێراقی،  لەگەڵ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەناردەی نەوت نرخی نەوتی هەرێم بە نرخی سۆمۆ و جیهانی دەفرۆشرێت، ئەم رێککەوتنە بەردەوام دەبێت تا پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و دواتریش رەشنووسی یاسای نەوت و گازی لە سەر دەنووسرێتەوە".

لەلایەکی دیکە ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی نیسانی 2023، بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێک لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم واژوو دەکەن، دواتر حکومەتی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە تورکیا دەکات دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکاتەوە.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێرار و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێت و بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پشکی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە کورد دەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەڵەتی  لە پاریس لە 25/3/2023، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە.

دوێنێ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، گفتوگۆی باش لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەیە و لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە.