ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

K24 - هەولێر

بڕیارە رۆژی دووشەممە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ کە لە هەمان رۆژەوە دەست پێدەکات، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا رابگەیەندرێت، کە بە بەهای دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە.

بەگوێرەی چەند راپۆرتێک کە لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکاوە زانیارییەکانیان گواستووەتەوە، رایانگەیاندووە: رەنگە پاکێجەکە راداری چاودێری ئاسمانی و مووشەکی دژە تانک و تانکەری سووتەمەنی لەخۆبگرێت، لیستی ئەو کەرەستە سەربازییانەی کە ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دابینی دەکات، لە رێگەی ئەو پارانەی کە بۆ دەستپێشخەری هاوکاری ئاسایشی ئۆکرانیا تەرخانکراوە، جۆرەها تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، لەوانە تەقەمەنی دژە تانک، تەقەمەنی ئاسمانی ورد، ئامێری پرد، هەروەها ئۆتۆمبێلی چاککردنەوە و چۆڵکردن بۆ یارمەتی ئامێرە قورسەکانی شکاو دەدات، جگە لەوەش پێشبینی دەکرێت سوپای ئۆکرانیا مووشەکی زیادە بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ناسامس" وەربگرێت.

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، پاکێجی هاوکارییە سەربازییەکان کارێکی بەردەوامە، هەربۆیە رەنگە مەودا و بڕەکەی بگۆڕێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەنیازە بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بکات لە برۆکسل کە لەنێوان 3 بۆ 5ی نیسان بەرێوەبچێت.

بلینکن لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی هاوبەش و یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ و دیمیترۆ کولێبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.

دێریک هۆگان، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ تاڕادەیەکی زۆر لەسەر ئۆکرانیا دەبێت، بەڵام باس لە رووبەڕووبوونەوەی چین لە ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دڵنیابین لەوەی ئەوەی ئۆکرانیا پێویستی پێیەتی بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوە، دواتر بێگومان بتوانێت دەست بەو شتانەوە بگرێت کە بەدەستیدەهێنێت.

هـەروەها ئۆکرانیا داوای لە پۆڵەندا کردووە 100 زرێپۆشی فرە رۆڵی رۆسۆماکی پێ بدات، لەسەر بودجەی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا.